٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاندنی برنج لە كوردستان دوو بەرامبەر زیادی كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ماوەی چەند ساڵێكە خواست لەسەر برنجی خۆماڵی زیاد بووە، بەم هۆیەشەوە جووتیاران جارێكی دیكە روویان لە چاندنی برنج كردووەتەوە، هەروەها ماوەی دوو ساڵیشە رووبەرێكی فراوان لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارێزگای دهۆك بە تایبەتی، بە برنج دەچێنرێ.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كە پشتی بە داتای كشتوكاڵی پارێزگاكان بەستووە، بەرهەمی دوو ساڵی رابردووی برنج لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە دوو ساڵی پێشتر 55.6% زیاد بووە، بە جۆرێك بڕی بەرهەم لە 4,934 تۆنەوە لە 2016 بۆ 13.485 تۆن لە 2018 زیادی كردووە.

ئەحمەد كامیران، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی كشتوكاڵی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر برنجی خۆماڵی، جارێكی دیكە جووتیاران روویان لە چاندنی برنج كردووەتەوە. پێشتر ساڵانە نزیكەی 6 تاوەكو 8 هەزار دۆنم زەوییان بە برنج دەچاند، بەڵام ئەم رووبەرە لە دوو ساڵی رابردوودا بۆ دوو بەرامبەر زیاد بووە، بۆ نموونە لە ساڵی 2016 رووبەری 6,309 دۆنم زەوی بە برنج چێنراوە، بەڵام لە ساڵی 2018 بۆ 16,171 دۆنم زیاد بووە.

بەپێَی توێژینەوەكان، كەشوهەوا و خاكی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی برنج، بەڵام ئەم بەرهەمە وەكو پێویست گرنگیی پێ نەدراوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە برنج خۆراكی سەرەكیی زۆربەی دانیشتووانەكەیەتی.

وەزارەتی كشتوكاڵ 38.5 كیلۆ برنجی بۆ پێویستیی ساڵانەی تاك دیاری كردووە

بەپێی داتاكانی دەستەی ئامار، ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان 5 ملیۆن و 895 هەزار كەس بووە، بەو پێوەرە بێت هەرێمی كوردستان بێ ئاوارە و پەنابەران ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 227 هەزار تۆن برنجە، كە بەرهەمی ناوخۆ نزیكەی 6%ی ئەو بڕە پڕ دەكاتەوە.

سەرجەم ئەو جۆرە برنجانەی لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەچێنرێن لە جۆری برنجی خڕی دەنك كورتن، بەڵام بە گوێرەی ناوچەكان ناوی جیاوازی لێنراوە. وەك مەولەوی، بازیان و نەگازە لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە. بەڕازیلی، شەش مانگی و سێ مانگی و سەدری لە پارێزگای دهۆك و هەولێر.

لە ڕووی رووبەری چاندن و بڕی بەرهەمەوە، پارێزگای دهۆك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە پلەی یەكەمدایە. ساڵی رابردوو جووتیارانی ئەم پارێزگایە رووبەری 11.726 دۆنم زەوییان بە برنج چاند و 9.382 تۆن بەرهەمیان هەبوو، كە دەكاتە نزیكەی 69.5% كۆی بەرهەمی ساڵی رابردووی برنج لە هەرێمی كوردستان.

لە پارێزگای دهۆك برنج زیاتر لە سنووری قەزاكانی ئاكرێ، بەردەڕەش، شێخان و ئامێدی دەچێنرێ. لە ڕووی چاندن و بڕی بەرهەمیشەوە قەزای ئاكرێ لە پلەی یەكەمدایە، ئەو برنجانەش كە جووتیارانی كوردستان دەیچێنن، دەستكاریی جیناتی نەكراوە و بە تۆو دەیچێنن.

 

ماردین محەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار