٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ رێوڕەسمێك بۆ شەھیدانی كارەساتی گوندی صوریا بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- سبەی پەنجا ساڵ بەسەر كارەساتی گوندی صوریای دەڤەری زاخۆدا تێپەڕ دەبێت، كە تێیدا رژێم دانیشتووانی گوندەكەی كۆمەڵكوژ كرد، بەرپرسێكی قەزای زاخۆش دەڵێ، كارەساتی گوندی صوریا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا كەموێنەیە.

شڤان شێخۆ، كارگێڕی لقی ھەشتی پارتی لە زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، سبەی پەنجا ساڵ بەسەر كارەساتی گوندی صوریادا تێپەڕ دەبێت، كە لە ١٦ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦٩ رژێمی ئەوكاتی عێراق بە ھێزێكی زۆرەوە ھێرشی كردە سەر گوندی صوریای سەر بە قەزای زاخۆ و لە ئەنجامی ئەو ھێرشە دڕندانەیەی دوژمندا، ھەموو دانیشتووانی گوندەكە لە شوێنێك كۆكرانەوە و دوای گولـلەبارانكردنیان، ئاگر لە تەرمەكانیان بەردرا.

گوندی صوریا، دەكەوێتە دەشتی سلێڤانەی سەر بە قەزای زاخۆ و دانیشتووانەكەی لە كوردی موسوڵمان و كریستیان پێك ھاتوون و لە كاتی كارەساتی گوندەكەشدا ھەردوو پێكھاتەی كورد و كریستیان پێكەوە شەھید كران.

بەرپرسەكەی پارتی گوتیشی: "ئەمڕۆ لە گوندی صوریا بە ھەماھەنگیی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوان و ئامادەبوونی میوانێكی بەرچاو لە ھەرسێ پارێزگاكەی ھەرێمی كوردستان، رێوڕەسمێك بۆ شەھیدانی كارەساتی گوندی صوریا بەڕێوە دەچێت".

شێخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "كارەساتی گوندێ صوریا لە كاتێكدا رووی دا، كە گەلی كوردستان بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و سەركردایەتیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بەرەنگاری زوڵم و ستەمی رژێمی داگیركاری ئەوكاتی عێراق ببووەوە، چونكە رژێم زوڵم و ستەمێكی زۆری لە گەلی كوردستان دەكرد و كارەساتێكی وەك صوریاش لە مێژوودا كەموێنەیە.

 

 قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار