د. بێوار بۆ KDP: هەرێمی كوردستان بە مەرج دەنگ بە پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق دەدات

هەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی دوێنێی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان، بڕیار درا داوا لە حكومهتى بەغدا بكرێت چەند پڕۆژەیاسایەك بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بنێردرێت تا دەنگیان لەسەر بدرێت. راوێژكاری كاروباری وزەش لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كوردستان بە مەرج دەنگ بە پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق دەدات.
د. بێوار خنسی، راوێژكاری كاروباری وزە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەردانەكانی ئەم دواییەی نێچیرڤان بازرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جەخت لەوە كراوەتەوە، كە دەبێت بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت و گاز بە شێوەیەك بێت، مافی تەواوی هەرێم و پارێزگاكان دابین بكرێت و یاساكەش لەگەڵ سیستەمی فیدڕاڵیدا بگونجێت".
خنسی ئاماژەی بەوەش دا: "كورد داواشی كردووە كە ئەنجومەنی ئیتحادی بۆ كاروباری نەوت و گاز دابمەزرێت، بە جۆرێك كە دەسەڵاتەكانی لە سەرووی وەزارەتی نەوت بێت و سەرجەم لایەن و پارێزگا و هەرێمەكان نوێنەریان تێیدا هەبێت، بۆ ئەوەی داهاتی نەوت بە شێوەیەكی شەفاف و یەكسانانە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا خەرج بكرێت".
راوێژكاری كاروباری وزە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند، دەبێ یاساكە بە جۆرێك بێت، كە رێگری بكات لە بەهەدەردانی سامانی گازی سرووشتیش، كە ساڵانە بە بەهای زیاتر لە 12 ملیار دۆلار گاز دەسووتێت لەگەڵ دەرهێنانی نەوتدا، كەچی عێراقیش ناچارە گاز بكڕێت، بۆیە پێویستە مافی هەموو پارێزگاكان بە شێوەیەكی یەكسان بدرێت".
هێدی كاكەیی




