پارتی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی رێکخەری گشتیی و خانەی راپەڕاندنی گۆڕان کرد

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بۆ بەڕێزان کاک عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان
بە بۆنەی ھەڵبژاردەوەت بە رێکخەری گشتی و بەدەستھێنانەوەی متمانەی بزوتنەوەی گۆڕان پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین.
هاوکات پیرۆزبایی گەرم لە بەڕێزان ئەندامانی هەڵبژێردراوی خانەی راپەڕاندن دەكەین و هیوادارین لە ئەركەكانیاندا سەرفراز بن.
ھیواخوازین سەركەوتنتان لەم پرۆسە دیموكراتییەدا و نوێكردنەوەی متمانە بۆ سەركردایەتی بزوتنەوەكەتان، ببێتە مایەی پتەوتربوونی ریزەكانتان و گوڕوتینی زیاتر بە خەبات و تێكۆشانی بزوتنەوەی گۆڕان.
لەم بۆنەیەدا جارێكی دیكە تەئكید لەسەر پەیوەندی دۆستانە و هاوخەباتی و پابەندیمان بە رێكەوتەنەكانی نێوانمان دەكەینەوە بۆ خزمەتی كورد و كوردستان و دۆزی رەوای گەلەكەمان.
ئومێدەوارین پێكەوەییمان لە حكومەت و لێكگەیشتنی سیاسی نێوانمان هاوشان لەگەڵ كۆی حزبە تێكۆشەرەكانی دیكە، هەمیشە مایەی سەقامگیریی سیاسی و سود و قازانج بێت بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان.
جارێكی تر پیرۆزبایی گەرمتان لێ دەكەین و هەر شاد و سەركەوتوو بن.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٤ی٩ی٢٠١٩




