٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیروان ڕۆژبەیانی: حەشدی شەعبی بەشێکە لە ئاڵۆزییەکانی مووسڵ

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info-  دوای ئەوەی دوێنێ لە پیلانێکی حەشدی شەعبی ڕزگاری بوو، جێگری پارێزگاری مووسڵ پێی وایە، ڕووداوی ڕێگریکردن و تەقەکردن لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی، پێشتر پیلانی بۆ دارێژراوە و دەشڵێ، حەشد دەیویست ئێمە بە بارمتە بگرێت، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بەرەنگاریان بوونەوە و پیلانەکە سەری نەگرت.

سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ کاتێک لەگەڵ پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دەمانویست لە مووسڵەوە بگەڕێینەوە بۆ شاری ھەولێر لە بازگەیەکی چەکدارانی حەشدی شەعبی، کە دەکەوێتە گەڕەکی گوبجەلیلی شاری مووسڵ، پیلانێک دژی ئێمە دانرابوو، بەڵام پیلانەکە شکستی ھێنا، چونکە حەشدی شەعبی دەیویست جێگری پارێزگار و پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی بە بارمتە دەستگیر بکات."

جێگری پارێزگاری مووسڵ دەڵێت: "من وەک جێگری پارێزگاری مووسڵ بەردەوام ھاتوچۆ دەکەم و ھەماھەنگییش ھەیە بۆ ھاتوچۆمان، بەڵام ئەوەی دوێنی ئێوارە ڕووی دا پیلان بوو، چونکە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ئێمە لە بازگەکە تێ پەڕی و خۆمان پێ ناساندن، بەڵام کۆتا ئۆتۆمبێل ڕێگریی لێ کرا و دواتر زۆر ھەوڵمان دا کێشە دروست نەبێت، بەڵام بەداخەوە چەکدارانی حەشدی شەعبی خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کردبوو، دەستیان بە تەقە کرد، خۆشبەختانە ڕووداوەکە ھیچ زیانی گیانیی لێ نەکەوتەوە، بەڵام بۆم دەرکەوت بەپیلان ڕێگری کراوە و سوپاسی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەکەم توانییان پارێزگاریمان لێ بکەن و ڕۆڵیان لەبەرچاوە."

پەیوەست بە ڕەوشی ئەمنیی نێو شاری مووسڵ، سیروان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەشێکی ئەو ھێزانەی ئێستا لەنێو مووسڵدان، بەتایبەتی ھێزەکانی حەشدی شەعبی خۆیان بەشێکن لە ئاڵۆزییەکان و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا لە لایەن حەشد و سوپای عێراقەوە ئەندامێکی ئەنجومەنی قەزای حەمدانیە بە ناوی داود بابە یەعقود، گەورەترین سووکایەتیی پێ کراوە، واتە ئەو ھێزانە بەردەوام کێشە بۆ خەڵکی مووسڵ دەنێنەوە."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار