٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گولیزار ڕەشید: ھەموو پاڵاوگە نایاسایییەکان داخراون

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- لە سەرجەمی ٢٠٠ پاڵاوگەی ھەرێمی کوردستان تەنیا ٣٠ پاڵاوگە ماون و جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانیش دەڵێ، ھەموو ئەوانەی دیکە مەرجی یاساییان تێدا نەبووە و داخراون.

 

گولیزار ڕەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو پاڵاوگە نایاسایییەکانی سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان داخراون و تەنیا ئەو پاڵاوگانەی بەپێی مەرجەکانی حکوومەت کار دەکەن، ماون، ئەوانیش ئەگەر مەرجەکانی لایەنە پەیوەندارەکان جێبەجێ نەکەن، دادەخرێن و ڕێگە نادرێت بە ھیچ شێوەیەک پاڵاوگەی نایاسایی و بێمەرج بکرێتەوە."

 

بەپێی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان ٢٠٠ پاڵاوگە ھەبوون، بەڵام زۆربەیان مەرجی پاڵاوگەیان تێدا نەبووە و داخراون، ئێستا تەنیا ٣٠ پاڵاوگە ڕێگەیان پێ دراوە کار بکەن، ئەوانیش مەرجی قورسیان بەسەردا سەپێندراوە.

 

بە گوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان، پاڵاوگە نایاسایییەکان سەرچاوەی چەندین نەخۆشیی کۆشندەن و ھۆکارێکی سەرەکین بۆ پیسبوونی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەش، ڕێگەی کارکردنیان پێ نادرێت.

 

گولیزار ڕەشید دەشڵێت: "لە پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەک پێک ھاتووە بۆ ئەوەی سەرژمێریی ئەو پاڵاوگانە بکرێت کە لە کاردان و ئەوانەیشی داخراون، چونکە دەمانەوێت کارکردنی پاڵاوگەکان ڕێک بخرێتەوە و بەپێی یاسا و ڕێنمایی کار بکەن، بەپێچەوانەوە ھەر پاڵاوگەیەک نەیتوانی مەرجەکانی سەلامەتی وەک خۆی جێبەجێ بکات لێپرسینەوەی لە گەڵدا دەکرێت."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار