٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تا ئێستا یەک کەسی مەسیحی نەگەڕاوەتەوە شنگال

سەرچاوە: KDP.info

 

شنگال-KDP.info- نوێنەری مەسیحییەکان لە ئەنجوومەنی قەزای شنگال دەڵێ، لە پەلامارەکەی داعشدا بۆ سەر شارۆچکەکە ٤ کەسی مەسیحی کەوتوونەتە دەست داعش، هاووڵاتییەکی مەسیحیش باس لەوە دەکات، کە کوڕێکیان کەوتۆتە دەست داعش و تا ئێستا سۆراخی نازاندرێت.

 

پترس،هاووڵاتییەکی مەسیحی شنگالە، کە کەسێکی ماڵباتەکەی لەدەست داعشدا ماوە و بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، کە هیشتا ئۆمێدیان هەیە کوڕەکەیان بگەڕیتەوە، لە کاتێکیشدا وەکخۆی باسی کرد، لە دوای رفاندنییەوە تا ئێستا هیچ هەواڵیکیشی نازانن و لەو کەسانەشی رزگارکراوان، هەواڵی کوڕەکەیان پرسیوە، بەڵام هەموویان گوتوویانە، کە ئەو شوێنەی ئەوانی لێبوون، ئەو کەسەی لێ نەبووە.

 

ئەو هاووڵاتییە مەسیحییە، ترسی لەوەش هەیە، گەر کوڕەکەیان مابێت و بە زۆر ئاینیان پێ گۆڕیبێت و مێشکیان شوشتبێتەوە، کە ئەوە هۆکارێک بێ بۆ ئەوەی نەگەڕابێتەوە و لە کەمپەکانی سووریا بێت.

شنگال شارێکی  کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە، زۆربەیان پێکهاتەی ئێزدین بەڵام مسوڵمان و مەسیحیش لە شارۆچکەکەدا هەن، لە کاتی داگیرکردنی لە لایەن تیرۆریستانی داعشدا، مەسیحییەکانیش هاوشێوەی کوردانی ئێزدی کەوتنە بەر پالاماری تیرۆریستان.

لە دوای پەلامارەکەی داعش بۆ سەر شنگال، نووسینگەیەکی تایبەت بە رزگارکردنی رفێنراوان بۆ ئێزدییان کرایەوە و تا ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار و ٥٠٠ کەس رزگارکراون.

عیسا شەموون، نوێنەری مەسیحییەکانە لە ئەنجوومەنی شارۆچکەی شنگال، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، لە کاتی هاتنی داعش بۆ سەر شارۆچکەکە، ٥٢ خێزانی مەسیحی لەوێ نیشتەجێ بوون و، هاوشێوەی کوردانی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، ٤ کەسیان کەوتوونەتە دەست داعش، ئاماژە بەوەش دەدا، کە لە دوای رزگارکردنی شنگال دا ئێسکی کەسێکی مەسیحی لە گۆرێکی بەکۆمەڵدا دۆزرایەوە.

ناوبراو ئاماژە بەوەشد دەدا، کە لە دوای نەمانی داعش و هاتنی حەشدی شەعبی و پەکەکە بۆ نێو شارۆچکەکە و بوونی ناکۆکییەکان لە شارۆچکەیەدا، تا ئێستا یەک خێزانی مەسیحی نەگەڕاونەتەوە و، هەموو خانوەکانیشیان بە تەواوەتی وێرانکراون، و ٣ مەزارگەی ئایینیشیان، (کاسیۆلیکی و ئەرسەدۆکسی و ئاشووری) لە نێوبراوون.


لە بارەی هەڵوێستی وڵاتان بەرانبەر مەسیحییەکانی شنگال، شەمعوون بە خەمبارییەوە دەڵێ، کە هیچ وڵاتێکی مەسیحی و حکوومەتی عێراق ئاگایان لە مەسیحییەکان نییە، گوتیشی: "ئێستا هەرێمی کوردستان  نەک تەنیا  بۆ مەسیحییەکانی شنگال، بگرە بۆ هەموو مەسیحییەکانی عێراق بووەتە پەناگەیەکی ئارام".

ناوی رفێنراوانی مەسیحی لە شنگال بریتین، لە  سەعداللە پترس و نەجیب مالالە فرنسیس و  داود عەبدلمەسیح مەلکی، هاوکات ئەو کەسەی لە گۆڕەکەدا دۆزراوەتەوە، ناوی جۆرج ئیبراهیم سیڤۆیە، بەو پێیەی کاتێ دۆزراوەتەوە، ناسنامە و بەڵگەنامەکانی لەگەڵیدا بوون، بەڵام ئەوانەی دیکە تا ئێستا سۆراخیان نییە.

کاروان باعەدری

پێداچوونەوەی_ خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار