٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەو ھێزانەی لە کەرکووک و مووسڵن پێشێڵکارییان دژی پێکھاتەکان کردووە"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، مەترسی بۆ سەر پێکھاتەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم پەیدا بووە و دەشڵێ، لە دەشتی نەینەوا کریستیان و کوردانی ئێزدی دەردەکرێن و دەست بەسەر مڵک و ماڵیاندا دەگیرێت.

 

زیا پترس، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم کەوتووەتە مەترسییەوە و پێشێلکاری زۆر بەرامبەر بە پێکھاتەکانی کەرکووک و خانەقین و نەینەوا دەکرێت بە کورد و کریستیان و پێکھاتەکانی دیکەوە، چونکە ئەو ھێزانەی بۆ لەنێوبردنی داعش ھاتوونەتە ئەو ناوچانە نەک نەیانتوانیوە داعش لەنێو ببەن، بەڵکو خۆیان پێشێلکارییان کردووە."

 

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ناوچەکانی دەوروبەری مووسڵ پڕۆسەی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی کریستیان و کوردانی ئێزدی دەستی پێ کردووە و پارەیەکی زۆر خەرج دەکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە شوێنەکانیان بەجێ بێڵن، بێگومان دەستی دەرەکیی تێدا ھەیە، چونکە پێویست بوو دوای نەمانی داعش خەڵک بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، کەچی بەپێچەوانەوە خەڵک لە ناوچەکانیان دەردەکرێن."

 

زیا پترس دەڵێت: "ھەموو ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی دەشتی نەینەوا دەستیان لە پێشێلکاریدا ھەیە و لە شوێنێکی وەک بەرتللە، کە خەڵکی سەنتەری شارۆچکەکە ھەموویان کریستیانن، ئیستا پارە دەڕێژن بۆ کڕین مڵک و ماڵی ئەو کریستیانانە و ئەوانەیشی ئامادە نین پێیان بفرۆشن بەزۆر لێیان وەردەگیرێت، بەداخەوە تەشیعکردنی ناوچەکە دەستی پێ کردووە."

 

لەبارەی ئەو ھەموو ھێزانەی لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا ھەن. پترس دەڵێت: "ئەو ھێزانە ڕێک نەخراون، چەندین جۆریان ھەیە، جارێ حەشدی شەعبی کەس نازانێت چەند ھێزن و سەر بە کێن، ھەتا فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان خۆی ناتوانێت فەرمان بە ھەندێ لەو گرووپانە بکات، ھەبوونی ئەو ھێزانە مەترسیی بۆ سەر خەڵک دروست کردووە."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار