٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کلارا عودیشو: دەمانەوێ رۆژێک بۆ قوربانیانی کریستیان دیاری بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرانی کریستیان پڕۆژە یاسایەک ئامادە دەکەن، تا بە هۆی ئەو کارەساتانەی شەڕی داعشەوە بەسەریان ھاتووە، بە جینۆساید بناسێندرێت، پەرلەمانتارێکی کریستیانیش دەڵێ، ئاوارەبوونی ٢٠٠ ھەزار کریستیان و ژمارەیەکی بەرچاوی قوربانی، مافی گەلی ئێمەیە بەجینۆساید بناسێندرێن و قەرەبووی ئەو خەڵکە بکرێتەوە.

کلارا عودیشو، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "وەک فراکسیۆنەکانی کریستیان لە نێو پەرلەمانی کوردستان پلانمان ھەیە بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسایەک ئامادە بکەین و، لە پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی ئەو کارەساتانەی لە شەڕی تیرۆرستانی داعش بەسەر گەلانی ئێمە، لە کلد و ئاشوور و سریان و ئەرمەن ھاتووە بەجینۆساید بناسێندرێت و، رۆژێکیش بۆ جینۆسایدی کریستیانەکان دیاری بکرێت.

نوێنەرەکەی کریستیانەکان گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێ ھاوشێوەی کوردانی ئێزدی رۆژێک بۆ قوربانیانی ئێمەش دیاری بکرێت، لەو باوەڕەدام ھەموو فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان ھاوکارمان دەبن و پاڵپشتی پڕۆژەکەی ئێمە دەکەن".

کلارا عودیشو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ھەرچەندە ئاماری فەرمیی قوربانیانی کریستیان دیار نییە، بەڵام لەگەڵ ھێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ، زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتی کریستیان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و ژمارەیەک لە ھاووڵاتیانی ئێمەیش بوونە قوربانی، ئەوە جگە لە وێرانکردن و تاڵانکردنی سەروەرت و سامانی کریستیانەکان، کە بەداخەوە تا ئێستایش ژمارەیەکی زۆری کریستیان بە ئاوارەیی ماونەتەوە و بە ھۆی رەوشی ئاڵۆزی ناوچەکانیان ناتوانن بگەڕێنەوە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار