٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایان: نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی عینوانی كوردستانێكی بەهێزن

سەرچاوە: KDP.info

 

سلێمانی-KDP.info- شارەزایان دەڵێن، چوار ساڵی دابێ، پارتی لە ڕێگەی حكوومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمانەوە، به‌ كوردستانێكی بەهێز لە ڕووی خۆشگوزەرانی و بەهێزیی پێگەی لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیقلیمی، چاكسازیی ڕیشەیی، پاداشتی دەنگەكانی هاووڵاتیانی كوردستان دەداتەوە.

دڵشاد نامیق، شارەزای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان، لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێكهێنانی كابینەی نوێ، چاوی لەسەرە لە ناوخۆی كوردستان و لە دەرەوە، بێگومان خەڵكی كوردستان چاوەڕوانییەكەیان لەم كابینەیە بە پلەی یەكەم لە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەو پێیەی پارتی زۆرترین كورسیی پەرلەمانی هەیە و خاوەنی درووشمی كوردستانێكی بەهێز بووە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین پارتی تاكە هێزە كە ڕاشكاوانە لەگەڵ خەڵكی كوردستان و هەموو لایەك دواوە، ددانی ناوە بە قەیران و گرفتەكاندا و لە سەختترین ساتەكاندا ئومێدبڕاو نەبووە، هەر بۆیە دوای هەڵبژاردنیش ڕووی ئومێدەكان بە پلەی یەكەم لە پارتییە بۆ گەیاندنی كوردستان بە پلەی بەهێزی، ئێستا بە دیاریكردنی كاندیدانی پۆستی سەرۆكوەزیران و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پارتی هەنگاوی یەكەمی بەرەو كوردستانی بەهێز ناوە، ئەمانە پێمان دەڵێن بۆ گەییشتن بە كوردستانێكی بەهێز، پارتی لە ڕووی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەوە حسابی خۆی كردووە، بۆیە هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروو بارزانی كاندید كردوون بۆ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت".

ڕۆژی 3-12-2018، بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ بووەوە و، هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم، مەسروور بارزانی بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كاندید كران، چاودێرانیش پێیان واییە، پارتی هەنگاوەكانی بەرەو كوردسانێكی بەهێز دەست پێكرد.

شارەزایانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان باوەڕیان وایە، ئەو پێگە بەهێزە دیپلۆماسییەی نێچیرڤان بارزانی هەیەتی، وا دەكات پێوەندییەكانی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە بەهێزی بمێننەوە، نامیق دەڵێ، سەرۆكایەتیی هەرێم كە ڕووی دیپلۆماسی و نوێنەرایەتیكردنی كوردستانە، دەبێتە دەرگای بەهێزكردنی پێگەی كوردستان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا و كاراكتەری كاندیدی ئەم پۆستەیش كە نێچیرڤان بارزانییە، دەوڵەمەندە بە ئەزموونێكی زۆر لەو ڕووەوە، سەرەڕای سەنگ و كەسایەتیی بەهێزی خۆی.

بەرزان عوسمان، مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پارتی لە بەرنامە و كارنامەی خۆیدا، درووشمی كوردستانێكی بەهێزی هەڵگرتبوو، لە ڕووی ئابووری و ئەمنی و دیپلۆماسی و لە ئێستایشدا كاتێك نێچیرڤان بارزانی بەربژێر دەكرێت بۆ سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی بەربژێر دەكات بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەم دووكەسایەتییە عینوانی كوردستانێكی بەهێزن، كوردستانییان چاویان لەوەیە لە چوار ساڵی ئاییندەدا پێگەی كوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسی و نێودەوڵەتییەوە بەهێزتر بكرێت، خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش بكرێت، گۆڕانكارییش لە هەڕەمی دەسەڵاتدا، تایتڵی قۆناخی كوردستانێكی بەهێزە".

هاوكات ئابووریناسان داوا دەكەن لە كابنەی 9ـی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا چاكسازی و بنەبڕكردنی گەندەڵی دەست پێبكات، لەو بارەیەوە، نەو‌زاد كامیل، سەرۆكی لقی سلێمانیی ئابووریناسانی كوردستان، گوتی: "پێویستە هەر وەزارەتێك پلانی كورتخایەن و ناوەند و درێژخایەن ئامادە بكات و لە ئەنجوومەنی وەزیران بە زوویی گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بكرێتە بەرنامەی كاری ساڵی 2019، دوو داوایش لە پەرلەمان بكرێت، كە یەكەم كاریان تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی بێت كە بە هۆی هەندێك ناكۆكیی حزبی لە خولی چوارەم دوا كەوت، هەروەها حكوومەت لەگەڵ دامەزراوە یاسایی و چاودێرییەكانی هەرێم هەماهەنگیی هەبێت و داوایان لێ بكات چاودێریی كارەكانیان بكەن تاوەكو بتواندرێت ڕێگری لە گەندەڵی و ڕۆتینات بكرێت".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار