ڤیان سەبری: ئهمڕۆ كۆبوونەوەی خۆمان دهكهین.. لەوانەیە هەڵوێستمان ئەرێنی بێت

بەغدا-KDP.info- دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ سەرۆكوەزیرانی عێراق ناوی بەربژێرانی 8 وەزارەتی دیكەی پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران كرد، ئەمڕۆ سێشەممە بڕیارە دانیشتنی تایبەت بە متمانەدان بە وەزیرەكان بەڕێوە بچێت. سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتییش دەڵێ، ناوی بەربژێرەكانیان بە دەست گەییشتووە و سەعاتێك بەر لە دانیشتنەكە، كۆ دەبنەوە.
بەپێی نووسراوەكەی عادل عەبدولمەهدی، كە وێنەیەكی لە ماڵپەڕی فەرمیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاو كراوەتەوە، لیستی ناوەكان بەم شێوەیەیە: فالح فەهد فەیسەڵ فەیاز، وەزیری ناوخۆ، فەیسەڵ جەربا، وەزیری بەرگری، قوسەی عەبدولوەهاب سوهێل، وەزیری خوێندنی باڵا، د. سەبا خەیرەددین تائی، وەزیری پەروەردە، عەبدولئەمیر حەمدانی، وەزیری رۆشنبیری، هەناو عەمانوئێل گۆرگیس، وەزیری كۆچ و كۆچبەران، د. نووری ناتق دلێمی، وەزیری پلاندانان، دادوەر دارا نوورەدین، وەزیری داد.
لەم بارەیەوە، د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ناوی تەواوی بەربژێرانی ئەو 8 وەزارەتەی ماون لە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی، پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران كراوە و بە دەستمان گەییشتوون، بڕیاریشە سەعات 11 و بەر لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ، وەك فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوەی خۆمان لەسەر ئەم پرسە ئەنجام بدەین."
لەبارەی هەڵوێستی فڕاكسیۆنی پارتی، د. ڤیان ڕوونی كردەوە: "دوای كۆبوونەوەی فڕاكسیۆنەكەمان، بڕیاری خۆمان دەدەین و خوێندنەوەی خۆمان بۆ ناوەكان دەكەین و لەوانەیە هەڵوێستمان ئەرێنی بێت."
سەبری، هەروەها گوتی: "بۆ ئێمە دوو خاڵ گرینگن، یەكەمیان پشتگیریكردن لە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی وەكو سەرەتا، دووەمیش هەموو كارەكان بە گفتوگۆ و لێكتێگەییشتن بكرێن، لەمەیشدا دیارە لایەنەكان گەییشتوون بە ئەنجام."
ئێوارەی رۆژی 24ی ئۆكتۆبەر، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكوومەتی نوێ بەڕێوە چوو و، 14 وەزیر متمانەی پەرلەمانیان بە دەست هێنا و دەنگدان بۆ 8 وەزارەتیش دوا خرا.
نەشوان بەرزنجی




