داعش ھێرشی كردە سەر گوندێكی كەركووك
_(1)__2018_02_08_h19m20s8__HK.jpg)
كەركووك-KDP.info- شەوی رابردوو، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان كردە سەر گوندێكی كوردان لە كەركووك و، بەرپرسێكی ئاساییشی كەركووك دەڵێت، بە ھۆی ھەڕەشەی تیرۆریستانەوە كورد لەو گوندە نەماون و بۆ عەرەبەكان جێی ھێشتووە.
نەقیب گۆران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاساییشی كەركووك، ڕایگەیاند: "شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش ھێرشیان كردووەتە سەر گوندی كوردی ناسر سەر بە ناحیەی رەشادی پارێزگای كەركووك و، بەپێی زانیارییە سەرەتایەكان ھاووڵاتییەك كوژراوە و دوو ھاووڵاتیی دیكەیش بریندار بوونە، ئەوەیش دوای شەڕوپێكدادانی نێوان گوندنشینان و چەكدارانی سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعش".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاساییشی كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "گوندی كوردی ناسر راستە گوندێكی كوردییە، بەڵام دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق بە ھۆی ھەڕەشەی گرووپە تیرۆریستییەكانەوە كوردانی نیشتەجێی گوندەكە ناسریان چۆڵ كردووە و ھەموویان ئاوارەی كەركووك بوونە، لەبەر ئەوەی چەندین جار ھێرش كراوەتە سەر كوردانی ناوچەكە و ژمارەیەك شەھید و برینداریشیان ھەبووە".
لەبارەی زیادبوونی جووڵەی داعشیش، نەقیب گۆران روونی كردەوە: "لە ئێستادا داعش گەشەی كردووە و تەنیا شانەی نوستوو نەماوە، بەڵكوو بە ئاشكرا چالاكی ئەنجام دەدات و مەترسی لەسەر ناوچەكە بە گشتی دروست كردووە، چونكە ھەندێ ناوچە بە تەواوەتی لە ژێر دەستەڵاتی داعشدان".
قائید میرۆ




