ئەحمەد عەسکەری: ڕاکان سەعید بۆ کوێ بچێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکەین
__2018_12_02_h15m30s20__ER.jpg)
کەرکووک-KDP.info- بڕیارە ڕاکان سەعید، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک وەک پەرلەمانتاری عێراق دەستبەکار بێت و نوێنەرێکی کوردیش نایشارێتەوە کورد ترسی لەوە ھەیە پارێزگاری بەوەکالەت کەسێکی ھاوشێوەی خۆی ڕاسپێرێت بۆ گرتنەوەی شوێنەکەی.
ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای کرد: "بڕیارە پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک ببێتە پەرلەمانتاری عێراق و وەک پەرلەمانتار دەستبەکار بێت، بەڵام کێشە لەوەدایە پارێزگاری بەوەکالەت لە کاتی بەجێھێشتنی پۆستەکەی پێویستە یەکێک لە قایمقامەکان لە شوێنی خۆی دانێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی پارێزگای کەرکووک، بە پێی یاساش نزیکترین قایمقام ھی ناوەندی پارێزگای کەرکووکە کە کوردە، بەڵام گومانمان ھەیە ڕاکان سەعید ئەو قایمقامە کوردە لە شوێنی خۆی دانێت."
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لەبەر ئەوەی دەیەوێ کەسێکی ھاوفکری خۆی بکاتە پارێزگار ئەگەری زۆریش ھەیە ڕاکان سەعید قایمقامی حەویجە ڕاسپێرێت بۆ شوێنی خۆی، چونکە مادام کورد لە شوێنی خۆی دانانێت ھەر دەبێ قایمقامی داقووق، یان حەویجە دانێت."
عەسکەری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەگەر پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک قایمقامێکی عەرەب لە شوێنی خۆی دانێت زیانی گەورەی بۆ کورد ھەیە، چونکە ھیچ نەما دژی کورد نەیکەن، ھەر لە ھێنانی عەرەبی ھاوردەوە تا دەرکردنی کورد."
ئەحمەد عەسکەری ڕوونی کردەوە: "ھەر کوردێک ببێتە پارێزگار، بەوەکالەت بێت، یان ھەمیشەیی ئەوە ھەموو بڕیارەکانی ئەو پارێزگارە سەپێندراوە دەری کردووە کاری پێ ناکات و ھەڵیشیدەوەشێنێتەوە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی بڕیارەکان دژی کوردن، ھەرچەندە ئەو بچێتە پەرلەمان، یان ھەر پۆستێکی دیکەش وەربگرێت، لێی خۆش نابین و کار لەسەر ئەوە دەکەین لەبەرامبەر بڕیارەکانیدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت."
قائید میرۆ




