٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرگەڕان.. خەڵكی ناوچەكە هۆشداریی لە شەڕ و پێكدادان دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

 

سەرگەڕان-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سەرگەڕان دەڵێ، پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت، ٩٣ خێزانی دیكەی عەرەبی ھاوردەی سنووری شارەدێی سەرگەڕان كردووە، خەڵكی ناوچەكەیش هۆشداریی لە شەڕ و پێكدادان دەدەن.

لوقمان حوسێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت، بڕیاری ھاوردەكردنی ٩٣ خێزانی عەرەبی بۆ سنووری شارەدێی سەرگەڕان دەركردووە و بۆیان ھەیە ماوەی ١٥ ڕۆژ نیشتەجێ بن، بۆ ئەوەی پۆلیس و شارەوانی كاروبارەكانیان بۆ ڕایی بكەن تا بە یەكجاری لە گوندی شەناغا نیشتەجێ بن، ئەمانەیش ئەوانەن كە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا ھاوردە كرابوون و لەدوای ڕووخانی رژێم قەرەبوو كرابوونەوە و گەڕێندرابوونەوە بۆ شوێنی خۆیان، كەچی ئێستا جارێكی دیكە پارێزگاری كەركووك لە عەممارە و ناسریە و كوت و كەربەلا و ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە، ھاوردەیان دەكاتەوە."

حوسێن باسی لەوەش كرد، مەبەست لە ھێنانی ئەو عەرەبانە ئەوەیە كە زەویی كوردەكان وەرگرنەوە و دەدرێتەوە ئەو عەرەبانە، كوردەكانیش باس لەوە دەكەن كە ئەو عەرەبانە ھاوردە بكرێن، قبووڵی ناكەن و شەڕ و پێكدادان دروست دەبێت، بۆیە پێویستە ھەرچی زووترە ئەو كێشەیە چارە بكرێت و رێگری لە هاوردەكردنی ئەو عەرەبانە بكرێت.

دەشڵێ: "ئێمە ھەموو ھەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی رێگرییان لێ بكەین و لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا لە دادگای ئیداری بەغدا سكاڵایشمان لەسەریان تۆمار كرد، بەڵام تا ئێستا ئەو كەیسە نەجووڵێندراوە و لە شوێنی خۆی ماوە".

لە چەند رۆژی ڕابردوودا، ١٠٠ خێزانی دیكەی عەرەب ھاوردەی سنووری شارۆچكەی داقووقی سەر بە پارێزگای كەركووك كراون.

 

بڵند ئیبراھیم

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار