کرمانج عەبدوڵڵا: داعش لە سنووری مەخموور بوونەتە مەترسییەکی جیددی
__2018_12_01_h15m43s35__ER.jpg)
مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور دەڵێ، ڕۆژ بە ڕۆژ جموجووڵی داعش لە سنووری مەخموور زیاتر دەبێت و بوونەتە مەترسیی جیددی بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە و بەردەوامیش کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بۆیە داعش وای لێ ھاتووە گەیشتووەتە حاڵەتی مەترسییەکی زۆر گەورە .
بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور، کرمانج عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر داعش شوێنێکی دیاریکراویان ھەبوو، جموجووڵیان لەوێ ھەبوو و ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان دەیانتوانی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن، بەڵام ئێستا جموجووڵیان زۆر بووە بە ھۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دروست بوو، جموجووڵیان زۆر زیادی کردووە و ناوچەیەکی فراوانیشیان لەبەردەستدایە و کاریگەرییان زۆر بووە و گەیشتوونەتە حاڵەتی مەترسیی جیددی."
کرمانج عەبدوڵڵا گوتیشی: "لە سنووری پێشمەرگە لە چیای قەرەچۆغ جموجووڵیان کەمە، بەڵام لە دیوی مەخموور تا دەگاتە شەرگات و ڕومادی جموجووڵیان زۆر زیادی کردووە و بەردەوام کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و بە شەو ڕۆژ ھاتوچۆ دەکەن و جارێکی دیکە خۆیان ڕێک خستووەتەوە و شانەنوستووەکانیشیان بەردەوام جووڵە دەکەن."
عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد: "داعش تاکتیکی خۆی گۆڕیوە و لە ھەرشوێنێک بیانەوێت بیکەنە ئامانج ھێرش دەکەنە سەری و زیانی پێ دەگەیەنن و دواتر دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بۆیە مەترسیی لەسەر خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە و ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی تەنیا بە ڕۆژ لەسەر شەقامەکان ھەن، دواتر ھەمووی دەکەوێتە دەست داعش."
فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگەش لە میحوەری مەخموور کە پێی باش نەبوو ناوی ببرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: " جموجووڵیا داعش لە ناوچەکەدا زۆر زیادی کردووە و بەردەوام کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بۆیە خەڵک ترسی ھەیە دووبارە داعش بگەڕێتەوە و دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت و ئاوارە ببنەوە، چونکە ھێزە عێراقییەکان توانای پاراستنی ناوچەکەیان نییە."
ئەو فەرماندەیە پێشمەرگە باسی لەوەش کرد: "ھێزی پێشمەرگە کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباش و خۆیان زۆر باش ئامادە کردووە بۆ ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو، چونکە ئەو جموجووڵەی داعش مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە."
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، لیوا سالار جەباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێویستە ھەرچی زووە چارەسەری ئەو دۆخە بکرێت ئەگەرنا زۆر لەوەی ئێستا زیاتریش دەبن و چارەسەرییەکەش بەوە دەکرێت ھەماھەنگی لە نێوان ھەموو ھێزەکان ھەبێت و ھاوپەیمانانییش پاڵپشتی بکات، ئەگەر ئەمە نەکرێت زۆر زەحمەتە بتوانرێت ڕێگرییان لێ بکرێت."
جەباری باسی لەوەش کرد: "ھاوپەیمانانیش وەکو ئێمە زانیارییان لەبارەی سەرھەڵدانەوەی داعش ھەیە و چەند جارێکیش لە سنووری چیای قەرەچۆغ بۆردوومانی داعشیان کردووە، بۆیە زانیاریی تەواویان ھەیە و ھەست بە مەترسیی داعش دەکەن."
جەباری گوتیشی: "ئێمە سنووری خۆمان باش قایم کردووە و زیاتر لەو ناوچانە سەریان ھەڵداوەتەوە کە ھێزە عێراقییەکانیان لێیە، چونکە دەزانن ناتوانن سنووری ھەرێم ببەزێنن و ئێمە سنووری خۆمان قایم کردووە، بۆیە پێویستە ھێزی ھاوبەش لەو ناوچانە بڵاوەیان پێ بکرێت و ناکرێت بێدەنگیی لێ ھەڵبژێرن."
بڵند ئیبراھیم




