٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مۆڵەتوەرگرتن بۆ ھاوردەکردنی کەلوپەل لە دەرەوە دەکرێتە ئۆنلاین

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، وەرگرتنی مۆڵەت و دانی ڕسووماتی  ھاوردەکردنی کەلوپەل لە دەرەوەی وڵات دەکرێتە ئۆنلاین، ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زۆر بۆ بازرگانان بکرێت .

 

نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی ھاوردەکردنی کەلوپەل پێویست بوو سەردانی چەندین فەرمانگە بکات و پارەکەش ھەر لەوێ بدات، بەڵام ئێستا لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی گومرکەکانەوە ڕێک کەوتووین کە ھەر کەسێک بیەوێت مۆڵەت وەرگرێت و ڕسوومات بدات، لە ماڵی خۆی فۆڕمێک پڕ دەکاتەوە و بۆ وەزارەتی پەیوەندیداری ڕەوانە دەکات و ئەگەر کەموکووڕیی نەبێت، وەڵام دەدرێتەوە و کارەکەی ڕایی دەکرێت و دەچێتە بانک و لەوێ پارەکەی دەدات و دەچێتە سەر سنوور کەلوپەلەکانی وەردەگرێت و سیستەمەکە ھەمووی دەبێتە ئۆنلاین."

 

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی گوتی: "ئێستا وەکو ھەنگاوی یەکەم پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بووەتە ئۆنلاین و ئەوەی ماوە دانی پارەیە لە بانک، ئەویش دەبێتە ئۆنلاین و دواتر ئەو سیستەمە لە گومرکەکانیش دەکرێتە ئۆنلاین، بە شێوەیەکی گشتی ھەمووی دەبێتە ئۆنلاین."

نەوزاد ئەدھەم گوتیشی: "ئەم ھەنگاوە زۆر باشە و ڕێگری لە گەندەڵییش دەکات و ڕسوومات دیار دەبێت و لە ڕێگەی بانکەوە دەبێت و قەڵەباڵغیی ناو فەرمانگەکانیش نامینێت."

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار