ئهندامێكی ئهنجوومهنی نوێنهران: حەشدی شەعبی ڕۆژانە ملیۆنان دۆلاری لە خاڵە گومرگییەکان دەست دەکەوێت

بەغدا-KDP.info- سەرەڕای ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵگرتنی خاڵە گومرگییەکانی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھێشتا دەزگا پەیوەندارەکانی عێراق نەیانتوانیوە پابەندی بڕیارەکەی پەرلەمان و حکوومەتی بەغدا بن و نوێنەرێکی کورد دەڵێ، داھاتەکەی بۆ حەشدی شەعبی دەچێت و ئەوان بە ئاسانی دەست لەو داھاتە بەرنادەن.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی داراییی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، ھەرچەندە پەرلەمان بڕیاری ھەڵگرتنی خاڵە گومرگییەکانی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستانی دەرکردووە و دوای بڕیاری پەرلەمانیش سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابوورییش بڕیاریان داوە ئەو خاڵە گومرگییانە ھەڵبگیرێن، چونکە خاڵی نادەستووری و نایاسایین، بەڵام ھەتا ئێستا خاڵە گومرکییەکان وەک خۆیان ماون و باج لە خەڵک وەردەگرن.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت: "ھۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە بۆ پابەندبوون بە ھەڵگرتنی خاڵە گومرگییەکان بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێتەوە، ھۆکاری یەکەم پەیوەستە بەو پاشاگەردانییەی عێراقی گرتووەتەوە و بڕیارەکان دەردەکرێن، بەڵام مەرکەزییەت نییە لە عێراقدا، بۆ نموونە خۆ پێشتر بڕیار درابوو لەبارەی فڕۆکەخانەی نەجەف، کەچی یەک دینار لە داھاتەکەی بۆ حکوومەت ناگەڕێتەوە و حکوومەت ھەر ئاگاداری کاروباری فڕۆکەخانەی نەجەف نییە."
جەمال کۆچەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان ھەر بە ناو سوپای عێراقیان تێدایە، ھەمووی لە ژێر دەسەڵاتی میلیشیای حەشدی شەعبیدایە و حەشد بە ئارەزووی خۆی لەو ناوچانەی بە ھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە داگیر کراون، حوکم دەکات."
جەمال کۆچەر ڕوونی کردەوە: "بە ھۆی خاڵە گومرگییەکان و دانانی چەندان خاڵی پشکنین بە ناوی جیا جیا ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار دەست گرووپەکانی حەشدی شەعبی دەکەوێت و ئامادە نین بەو ئاسانییە دەست لەو داھاتە زۆرەی دێتە دەستیان بەردەن، ئێمە وەک پەرلەمانتارانی کورد فشاری خۆمان بەکار دێنین و لە ئەنجومەنی نوێنەران سکاڵا تۆمار دەکەین لەبەر ھەڵنەگرتنی خاڵە گومرگییەکان، پێویستە ھەرێمی کوردستان فشار بخاتە سەر حکوومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و ناکرێت بەو شێوەیە وڵاتی عێراق بەڕێوە ببرێت و ھەر گرووپە و دەسەڵاتێکی ئارەزوومەندانەی ھەبێت."
لە وەڵامی پرسیارێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە لە کوێ پارەیەکی وا زەبەلاح بەدەست حەشدی شەعبی دەکەوێت، جەمال کۆچەر دەڵێت: "لە کەرکووک جگە لەو دوو خاڵە گومرگییە چەندان خاڵی دیکەی لاوەکی ھەن، ھەروەھا لە سنووری پارێزگای نەینەوایش بەھەمان شێوە ھەمو دەروازەکانی پارێزگاکە کۆنتڕۆڵ کراون بۆ کۆکردنەوەی پارە، لە ھەر شوێنێک حکوومەت لاواز بێت حەشدی شەعبی کەڵکی وەرگرتووە بۆ کۆکردنەوەی پارە و داھات و دەستیان بەسەر ھەموو شتێکدا گرتووە و داھاتەکەی ناچێتەوە گەنجینەی حکوومەت و بۆ خۆیانی دەبەن."
قائید میرۆ




