٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایەکی زانکۆ: سەرۆک بارزانی لەوپەڕی پێگەی بەهێزەوە سەردانی بەغدای کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و وڵاتانی کەنداو، لە ناوخۆ و دەرەوەشدا بە سەردانێکی ئەرێنی و پێویست پێناسە کرا. مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکانیش دەڵێ، سەرۆک بارزانی لەوپەڕی پێگەی بەهێزەوە سەردانی بەغدای کرد.

سەرۆك بارزانی بە یاوەریی شاندێك لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جێنشینی ئەبووزەبی سەردان ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبیی كرد و ڕۆژی یەكشەممە، 25ی 11ی 2018 لە ئەبووزەبی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان، جێنشینی ئەبووزەبی و جێگری فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی كۆ بووەوە، هاوکات لە درێژەی سەردانەكەیدا بۆ وڵاتانی كەنداو، سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ شاندی یاوەری كە پێك هاتبوو لە مەسروور بارزانی، ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی كوردستان و ئازاد بەرواری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی كوێتی كرد و سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، 27ی 11ی 2018، لە لایەن ئەمیری كوێتەوە پێشوازی كرا.

مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەڵاحەدیینیش پێی وایە، بە هۆی ئەو گۆڕانکارییانەی هاتوونەتە ئاراوە، سەرۆک بارزانی بە پێگەیەکی بەهێزەوە سەردانی بەغدای کردووە، پێچەوانەی ڕووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر کە هاوسەنگیی هێز لە هەرێم و بەغدا گۆڕانکاری بەسەردا هات.
دەربارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بەو شێوە فەرمیی و گەرمەی لە لایەن، لایەن و کەسایەتییە گرینگەکانی عێراقەوە پێشوازیی لێ کرا، پەروێز ڕەحیم قادر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕوون کردەوە: "ئێستا سەرۆک بارزانی تەنیا سەرکردەی کوردە کە بڕیارەکانی لەسەر مافە نەتەوەییەکانی کورد و هەرێمی کوردستان یەکلاکەرەوە بن، لە ئاستی نێوخۆیی و هەرێمی و وڵاتانی جیهانییشدا بارزانی کەسایەتییەکی ناسراو و حیساب بۆکراوە."
پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەردوو هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا وەک حزب یەکەم دەنگی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراقیشدا هێناوە، هەربۆیە لە ڕوانگەی ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکانەوە، ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە و لای هەمووان جێی بایەخە، کە بارزانی سەرۆکایەتیی لایەنێکی وەها خاوەن پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات.
پەروێز جەخت لەسەر پاراستنی هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی سەرۆک بارزانیش دەکاتەوە، کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا توانی پیلانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و عێراق و دەوڵەتانی هەرێمی تێپەڕێنێت، بۆیەشە سەرۆک بارزانی بە پێگەیەکی بەهێزەوە چوەتەوە بەغدا.


پاڵپشتیی بارزانی بۆ کابینەی نوێ و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو

لە دوای دەستنیشانکردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ وەرگرتن و پێکهێنانی کابینەی نوێ، سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ کابینەکەی ڕاگەیاند. پەروێز ڕەحیم ئاماژە بە کابینەکانی پێشتر دەکات و بە فەشەل ناویان دەبات، ئەویش بە هۆی کێشەکانیان چ لە ناوخۆی خۆیان، چ لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردووش بۆ ١٦ی ئۆکتۆبەر دەگێڕێتەوە، کە لە غیابی پارتیدا لایەنەکانی دیکە بارگرژییان دروست کرد، یەکێک لە هۆکارەکانی چوونی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیەیە، چونکە بێ پارتی و مافەکانی کورد عێراق سەقامگیر نابێت. ئەو بلۆکبەندییەی لە ناو هێزە عێراقییەکاندا هەیە و دوو جەمسەری ئێران و ئەمەریکای لێ دروست بووە، کە دوو ئەجێندای جیاوازیان لە وڵاتدا دروست کردووە، بۆچوونی ناوبراو لەمەڕ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی وایە، کە  ئەمەریکا و ئێرانیش ئەو سەردانەی بارزانییان پێ باش و گرینگ بووە، نموونەش بەوە دەهێنێتەوە، ئێران بە پێی بارودۆخی خۆی دەیەوێت هەرێم و ناوەند کێشەیان نەبێت و دەیەوێت هەرێمی کوردستان لە خۆی نزیک بکاتەوە. سەبارەت بە ئەمەریکاش پەروێز لای وایە، ئەمەریکا دەیەوێت هەڵەی خۆی کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا هەڵوێستی نەبوو، بە جۆرێک چاک بکاتەوە و هەرێمی کوردستان لە ئێران نزیک نەبێتەوە."


پەروێز جەخت لەوە دەکاتەوە، کە سەرۆک بارزانی لە نێوان ئەو بلۆکبەندییەی کە هەیە، زۆر شارەزایانە هەڵسوکەوتی کردووە، هاوکات گەمەکانی زۆر باش خوێندووەتەوە و هەرێمی کوردستان لە ڕێی جیۆسیاسی و جیۆئیکۆنۆمییەوە ئامادە دەکات  بۆ ئەوەی بۆ قۆناغەکانی داهاتوو پەرە بە بەهێزی هەرێم بدات و دەڵێت، ئەم هەوڵەی سەرۆک بارزانی جۆرە کارتێکی نێوخۆییە، تا بە عێراق و دەوڵەتانی هەرێمی و جیهان و ئەمەریکا بڵێ، ئەوە ئێمە نین کە سبەینێ چاوەڕوانکراویشە، هێرش بکرێتە سەرمان، کورد جارێکی دیکە ڕیفراندۆمی وەک بەڵگەیەکی یاسایی زیندوو کردەوە، ئەوکاتە ناتوانن بڵێن هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی عێراق هەرێمی کوردستانە و دەیەوێت سەقاگیریی ناوچەکە تێک بدات، بەڵکو ئێمە بووین پاڵپشتیی کابینەی نوێمان کرد و سەردانمان کردن، بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکانی پێشتر و مافە دەستوورییەکانی کورد".
مامۆستای زانستە سیاسییەکان زیاتر لەسەر ئەوەش دوا، کە پیلانداڕێژەرانی ١٦ی ئۆکتۆبەر وەک نوێنەری کورد دەچوونە بەغدا و ڕێککەوتنیان لەگەڵ بەغدا دەکرد و خاکی کوردستانیان فرۆشت و هەرێمی کوردستانیان تا لێواری هەڵوەشاندنەوە برد و ئەوە بەو هەڵەیە ناو دەبات کە  سەرۆک بارزانی ئاماژەی بۆ کرد، کە دەبێ کورد بەشداری ڕاستەقینە بێت، دەنا دەرگای سەربەخۆیی هەمیشە ئاوەڵایە."


هاوسەنگی و ڕێککەوتنی ڕاستەقینە

پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ بەشداریکردن و پاڵپشتی لە کابینەی نوێی عێراق داوای کردووە، ناوەند پابەند بێت بەوەی کە دەبێ کورد بەشداری و هاوسەنگی و ڕێککەوتنی ڕاستەقینەی کابینەکە بێت. پەروێز ڕەحیم نایشارێتەوە، کە ئەو پرسە چەندە پەیوەندە بە ناوخۆی عێراقەوە، هێندەش دەستوەردانی وڵاتانی هەرێمی کاریگەرییان هەیە، هۆکاری دیکەش بە کێشە و ململانێکانی نێوخۆی عێراق و لایەنە شیعی و سوننییەکان دێنێتەوە، کە ئەوان ماڵێکی وێران و پەرتەوازەیان هەیە، ئەوەی عێراقی بەیەکەوە بەستووەتەوە ئەمەریکا و وڵاتانی هەرێمین، گەرنا لە هەر ئەگەرێکدا ئەم وڵاتە ئامادەیی هەڵوەشاندنەوەی تێدایە."
بە پێی ئەو هەمووە کێشە و ململانێیانەی لە بەغدا لە نێوان لایەنە عەرەبەکاندا هەن، ناوبراو پێی وایە، دەبێت ئەوان جۆرێک هاتنە پێشەوەیان بۆ ئەو سێ بنەمایەی کورد هەبێت، هەرچەندە بە دووریشی زانی لە وادەیەکی نزیکدا ئەوان ئەو سێ بنەمایەی کورد جێبەجێ بکەن، هۆکاری ئەوەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە مێژوویەکی درێژمان لەگەڵ عێراق و حوکمە یەک لە دوای یەکەکانیدا هەیە.

چارەکردنی کێشەکان
کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی فرەییەک لە سەرجەم پێکهاتەکان بە خۆیەوە دەبینێت، ئەوەش تا ڕادەیەک دەکرێ سەرجەمی پێکهاتەکان پشتیوانی کابینەی نوێ بکەن، بەڵام پەروێز ڕەحیم، مامۆستای زانستە سیاسییەکان، پێی وایە، هەتا چارەی بابەتی بوودجە و پێشمەرگە و ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر و نەوت و مافە دەستوورییەکانی هەرێم نەکرێت، عێراق بێ کێشە نابێت.
سەرباری لەرزۆکیی حکوومەتی عێراق، وەک ناوبراو ئاماژەی پێ دا، پێویستیی زیاتری بە هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتن لەگەڵیدا هەیە، بۆیە ئەوەش دەتوانێت، لە داهاتوودا پێگەی هەرێم بەهێزتر بکات، کە ببێتە هۆکاری ئەوەی بەغدا بیر لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و هەرسێ بنەماکەی کورد بکاتەوە.
ئەو، پێی وایە سیاسەت بریتی نییە لە چارەکردنی سەرجەمی کێشەکان، بەڵکو بریتییە لە سیاسەتێکی هۆشمەندانە، کە دەرفەت بقۆزرێتەوە و هاوسەنگیی نوێ بهێندرێتە کایەوە، هاوکات ئامادەکاری بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتوو بکرێت، "پێم وایە سەرۆک بارزانی خوێندنەوەیەکی باشی بۆ ئەو بابەتانە هەیە".


سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ وڵاتانی کەنداو

ئەو جەمسەربەندییەی لە ناوچەکەدا هەیە، وەک بارگرژیی ئێران و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریکا لە هەندێ وڵاتانی ناوچەکەدا، هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتێک نا، بەڵکو وەک هەرێمێکی کاریگەر دەتوانێت، لەو ململانێیەدا خۆی بپارێزێت و نەبێتە بەشێکی، بەڵکو هاوسەنگی بپارێزێت. پەروێز وای گوت.
هەرێمی کوردستان لە ڕووی جوگرافی و ئابووری و ئاسایشی وزە و هێزی پێشمەرگەوە خاوەن پێگەیەکی بەهێزی خۆیەتی و وڵاتانی چواردەور و جیهانیش بایەخی پێ دەدەن، پەروێز نموونە بەوە دێنێتەوە، کە ساڵی پار ئێران سنووری بە ڕووی هەرێمی کوردستاندا دادەخست، بەڵام ئێستا پێویستی بەوەیە، پەیوەندی لەگەڵ هەرێمدا پتەوتر بکات، ناوبراو ئەوەش بە هۆکارێکی دیکە دەزانێت، پێگەی هەرێمی کوردستان زیاتر بەهێز تر بێت، جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە جارێکی دیکە وڵاتی تورکیاش پێویستیی دیکەی لە ڕووی وزەوە بە هەرێمدەبێت، هاوکات خودی عێراقیش ناچارە نەوتی کەرکووک لە ڕێی بۆڕیی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانە بکات.
کۆی ئەو هاوکیشانە لای پەروێز ڕەحیم، ئەوە دەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان بە جیاواز لە هەندێ وڵاتانی ناوچەکەش، توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و عەرەبی و ئەوروپا و ئەمەریکاش هەیە. سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی جیهان ناسراو و حیساب بۆکراوە، سەردانی سەرۆک بارزانیش بۆ وڵاتانی کەنداو، بە بۆچوونی ناوبراو جۆرێکە لە بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد و هەرێم، جۆرێکیشە لە ئامادەکردنی هەرێم بۆ هەر ئەگەرێک، کە باشترین سیناریۆی خۆی هەبێت.

چوار ساڵی کابینەی نوێی عێراق و پێگەی هەرێم

کابینەی نوێی عادل عەبدولمەهدی وای لێ دەخوێندرێتەوە، کە جیاوازتر بێت لە کابینەکانی دیکەی عێراق، پەروێز ڕەحیم پێی وایە، ئەگەر بارگرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران باڵ نەکێشێت بۆ جەنگ و پێکدادان، پێگەی هەرێمی کوردستان زیاتر بەهێزتر و بەرزتر دەبێت.
بەغدا و لایەنە عەرەبییەکانی سوننە و شیعە کێشەیان زۆرە، هاوکات وڵاتانی چواردەوریش جارێکی دیکە ڕێگە بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان نادەن، هاوکات هەرێمی کوردستانیش بە وتەی ناوبراو لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە توانی خۆی بپارێزێت، هەروەها پێگەی بەهێزتر بکات.
ئەو، پێشبینیش دەکات، بە شێوەیەکی باشتر لە ڕابردوو پەیوەندییەکانی هەرێم و ناوەند گەرمتر و پتەوتر دەبنەوە و گوتیشی: "بەڵام بە مانای چارەکردنی کێشەکان بە تەواوی نابێت".

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار