وەزارەتی داراییی عێراق هەڵەکان ڕاست دەکاتەوە.. ماوەتەوە ڕێککەوتن لەسەر ١٧%

ھەولێر-KDP.info- بریکاری پێشووی وەزارەتی دارییی حکوومەتی عێراق دەڵێ، وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا چووەتەوە و، چەندین گۆڕانکاری تێدا کردوون کە لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانن.
پێدانی مووچەی پێشمەرگە و پرچەککردن و دابینکردنی پێداویستیی سەربازی و نەھێشتی نەفەقاتی زیادەی سیادی و ھەندێک نەفەقاتی دیکە و گۆڕینی پارێزگاکان بۆ ناوی ھەرێمی کوردستان و ئێستا تەنھا لەسەر رێژەی پشکی ھەرێم ماوە بگەنە رێککەوتن.
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی: "لە پڕۆژەیاسای بودجەدا ھاتووە، کە پێویستە ھەرێمی کوردستان ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات، لە ماددەیەکی دیکەشدا باس لەوە دەکرێت ھەموو داھاتەکە رادەستی بەغدا بکرێت، بەڵام ھێشتا رێککەوتنی لەسەر نەکراوە و ئەمە پێویستی بە رێککەوتن ھەیە؛ ئەوەی ڕوونە ھەرێم پێویستە ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات."
وەک د.فازل نەبی باسی دەکات، وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق چەندین گۆڕانکاری لە رەشنووسی بودجەدا کردووە کە پێشتر حکوومەتی عێراق ئامادەی کردووە و لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندان، ئەوانیش نەھێشتنی نەفەقاتی زیادەی سیادی و ھەندێک نەفەقاتی دیکە ھەڵگیراون و ناوی پارێزگاکانی ھەرێم بۆ ھەرێم گۆڕدراوە و بۆ پێشمەرگەش، لە جیاتی تەنھا مووچە، باسی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و پێداویستیی سەربازییشی بۆ زیاد کراوە، گوتیشی "ئەوەی ماوە تەنھا رێژەی ١٧%ـیە لەسەری بگەنە رێککەوتن، ئەمەش وەزارەتی دارایی خۆی ئەنجامی داوە، چونکە خاڵی نایاسایی بوون لە بودجەدا."
بە باوەڕی بازڵ نەبی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوو رێگای لەبەردەمدا ھەیە سەبارەت بە بودجە، ئەوانیش ھەرێمی کوردستان نەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و بەو شێوەیە بەردەوام بێت، یاخود رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات بەو مەرجەی پشکی ھەرێمی کوردستان بکرێتە ١٧%، لەبەر ئەوەی ئەگەر کەمتر بێت، سودی بۆ ھەرێم نابێت و ئەگەرنا ناتوانێ مووچە و دانەوەی قەرز و کاروباری ھەرێمی پێ جێبەجێ بکات.
بڵند ئیبراھیم




