٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا عەبدولخالق: بڕیار بۆ ھەموو داواكراوان دەرچووە.. مۆڵەتی چەكھەڵگرتن ڕاگیراوە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، نایشارێتەوە كە ھێشتا تۆمەتبارێكی زۆر ھەن لە ھەولێر تاوانیان ئەنجام داوە و پۆلیسی سلێمانی ئامادەی رادەستكردنەوەیان نین. دەشڵێ: "دەستمان بە ھەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەك كردووە و پێدانی مۆڵەتی چەكھەڵگرتنیش بە یەكجاری راگیراوە".

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، ڕایگەیاند: "ھێشتا ھیچ تۆمەتبارێك راكردووی سنووری پارێزگای ھەولێر رادەستی ھێزەكانی پۆلیسی پارێزگاكە نەكراونەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە بڕیار لە وەزارەتی ناوخۆ دەرچووە بۆ ئەوەی ھەموو داواكراوان دەستگیر بكرێن و رادەستی ئەو شوێنەی تۆمەتیان لەسەرە، بكرێنەوە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "دوای لێدوانی بەندە لەبارەی راكردنی ژمارەیەك تۆمەتباری پارێزگای ھەولێر كە لە سنووری پارێزگای سلێمانی داڵدە دراون، بڕیارێك دەرچوو بۆ ئەوەی ھەموو تۆمەتباران لە ھەر كوێیەك بن دەستگیر بكرێن و رادەستی ئەو شوێنەی لێوەی ھاتوون بكرێنەوە، بەڵام دوای گەییشتنی ناوەكان بە پۆلیسی سلێمانی، تا ئێستا ھیچ تۆمەتبارێكی راكردوو رادەستی ئێمە نەكراوەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە ناوی تەواو و شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتباران رادەستی پۆلیسی سلێمانی كراوە".

تەڵعەت هەروەها دەڵێت: "مەبەستمانە تاوانبارە راكردووەكان دەستگیر بكەین، لەبەر ئەوەی تاوانی نامرۆڤانەیان ئەنجام داوە، بۆ نموونە كەس ھەیە سێ ھاووڵاتیی كوشتوون كە بران و ئێستا لە سلێمانی خۆیان حەشار داوە و شوێنیان دیارە، ئەمە لە كاتێكدایە ھەر كاتێك تۆمەتبار لە سلێمانییەوە ڕایكردبێت بۆ ھەولێر، یەكسەر دەستگیرمان كردووە و رەوانەی سلێمانی كراوەتەوە، كە مەبەستمە بڵێم رادەستی ھێزەكانی ئەوێمان كردووەتەوە".

  لەبارەی زیادبوونی دیاردەی چەكھەڵگرتن و ئەنجامدانی تاوانیش، گوتی: "مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەك بە ھەموو شێوەیەك راگیراوە و مۆڵەت بە كەس نادرێت چەكی لابێت، ھەڵمەتی ھێزە ئەمنییەكانیش بەردەوامە لەسەر دەستگرتن بەسەر چەكی بێمۆڵەت و سزادانی سەرپێچیكاران".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار