محەممەدی حاجی مەحموود: لەگەڵ حكوومەتی بنكەفراواندا نین.. سەرۆكی هەرێم بۆ كوردستان پێویستە

سلێمانی-KDP.info- محەممەدی حاجی مەحموود ڕایدەگەیێنێت، ئەوان لەگەڵ حكوومەتی بنكەفراواندا نین و تەنیا بۆ ڕازیكردنی حیزبەكانە. دەشڵێ، كوردستان پێویستی بە دەستوور و چارەكردنی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمە، چونكە سەرۆكی هەرێم بۆ كوردستان پێویستە.
محەممەدی حاجی مەحموود، سكرتێری گشتیی حیزبی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، ڕاگەیاند: "ئێمە وەك حیزبی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ حكوومەتی بنكەفراواندا نین، چونكە حكوومەتی بنكەفراوان بۆ ڕازیكردنی حیزبەكانە، واقیعی كوردستان وای كردووە كە ئەگەر حكوومەت لە هەولێر دروست بكەی، نەتوانێت حوكمڕانیی هەڵەبجە و سلێمانی بكات، ئەگینا لە وڵاتانی دیموكراسی و دەستووریدا، هەر حیزبێك كە زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان بە دەست دەهێنێت، ئەوە حیزبێك كە بەقەدەر ئەو كورسیانەی كە پێویستەیەتی، بەشداری پێدەكات بۆ دروستكردنی حكوومەتەكەی، كە ئێستا پارتی 45 كورسیی پەرلەمانی بە دەست هێناوە و دەتوانێت لەگەڵ 11 كورسیی دیكە حكوومەت پێك بهێنێت، بەڵام پێم وایە لە ئێستادا پارتی و یەكێتی دەتوانن بەیەكەوە حكوومەت دروست بكەن، وەلێ دەرفەت هەیە حیزبی دیكە بەشدارییان پێ بكرێت لە كابینەی 9ـی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا".
لەبارەی ئەوەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا چەند حیزبێك لە كاتێكدا لە حكوومەت بوون، لەپاڵیشیدا هەمیشە وەك ئۆپۆزیسیۆن مامەڵەیان كردووە، محەممەدی حاجی مەحموود ئاماژەی دا: "دەبێ ئەو حیزبەی كە زۆرینەی دەنگەكانی بە دەست هێناوە، لە كاتی گفتوگۆ لەگەڵ حیزبەكان لەگەڵ ئەو حیزبانەدا بیبڕێنێتەوە كە هەر حیزبێك بەشداریی حكوومەتی كرد، دەبێت پشتیوانیی حكوومەت بكات و وەك حوكمڕان مامەڵە بكات، نابێت ڕێگە بدرێت بەناو جۆگەكەدا بڕوات یان دەبێت لە حكوومەت بێت یان ئۆپۆزیسیۆن، كە لە چوار ساڵی ڕابردوودا و لە كۆتایی تەمەنی حكوومەتدا، چەند حیزبێك بۆ ئەوەی خەڵك بخەڵەتێنن، لە حكوومەت كشانەوە".
سكرتێری گشتیی حیزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان، زیاتر گوتی: "زۆربەی حیزبەكان حەز دەكەن بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمدا بكەن، بەڵام من پێم وا نییە پێویست بكات هەموو حیزبەكان بەشداری لە حكوومەتدا بكەن، جگە لەو حیزبانەی كە بەیەكەوە دەتوانن حكوومەت پێك بێنن و ئیدارەی هەرێمەكەمان بكەن، كە دواجار پارتی و یەكێتی دەتوانن بە هاوبەشی حكوومەت پێك بهێنن و هیچ كێشەیەكیشیان بۆ دروست نەبێت".
سەبارەت بە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، حاجی مەحموود ڕوونی كرەوە: "هەلومەرجی ئەمڕۆ وا دەخوازێت چارەی كێشەكان بكرێت، كێشەی ناوماڵی شیعە وشیعە هەیە نەك كێشەی شیعە و سوننە، چونكە ئەوەی سوننە بێت یان ڕای كردووە بۆ دەرەوەی وڵات یان هاتووەتە هەرێمی كوردستان، هەروەها دوای ڕێككەوتنی ئەمەریكا و بەریتانیا، عێراق هیچ چارەیەكی نەما جگە لەوەی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی كوردستانەوە هەناردەی دەرەوە بكات، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن فرسەتێكی دیكە هاتووەتە پێشەوە بۆ كورد، پێویستە ئێمە بتوانین كەڵك لەو فرسەتە وەربگرین".
لەبارەی پێویستیی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان، محەممەدی حاجی مەحموود دەڵێ: "پێویستە ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان دەستوور بۆ كوردستان دابنێت، چونكە كوردستان پێویستی بە دەستوورە تا جۆری سیستمی حوكمڕانیی وڵات دیاری بكات و دەسەڵاتەكانی تەنفیزی و تەشریعی و قەزایی دیاری بكات، هەروەها پێوەرێكیش بۆ ئەو كەسانە دابنێت كە وڵات بەڕێوە دەبەن".
لەمەڕ ڕەوشی ئێستای كوردستانیش، گوتی: "لە دوای 27 ساڵ حوكمڕانی، پێویستیمان بەوە هەیە چاو بخشێنینەوە بە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی وڵاتەكەمان، پێویستە ئابووریی كوردستان ڕێك بخرێتەوە، ژیانی هاووڵاتیان باش بكرێتەوە كە ئەركی حكوومەتە، هەروەها پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم یەكلا بكرێتەوە، كە پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ كوردستان گرینگە و ئەگەر سەرۆكایەتیی هەرێممان نەبێت، پارێزگا بە پارێزگا دەبەسترێینەوە بە بەغداوە، بۆیە پێویستە سیستمی كوردستان لە دەستووردا دیاری بكرێت كە ئێمە چ جۆرە سیستمێكمان دەبێت".
لەبارەی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش و مەترسییەكانی بۆ سەر عێراق، سكرتێری گشتیی حیزبی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان بڕوای وایە، داعش وەك هێز نەماوە، بەڵام فكرە و ئایدۆلۆژیی داعش ماوە، گرووپێكی ئیسلامی و شۆڤێنیی عەرەبیی توندڕۆ كە دژی هەموو نەتەوەكانن و كەسیان قبووڵ نییە جگە لە خۆیان، ئەمانە لە مێژوودا هەر هەبوون، بەناوونیشانی جیاجیا و بە ناوەكانی حەرەس قەومی و حەرەس جمهوری و فیدایی سەددام و قایدە و جەیشولحوڕ و بەرەی نووسرە، لە ئێستایشدا بەشێك لە داعشەكان مەشقیان پێ دەكرێت، ڕەنگە ناوونیشانی دیكەیان پێوە بلكنێن و بیاندەن بەگژ كەسانی دیكەدا، هەروەها چەكیان پێ دەفرۆشن و كێشەیان لە ناوچەكەدا پێ دروست دەكەن".
هێڤیار هەڵەبجەیی




