٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. بەشیر: بەشی زۆری داواكارییەكانی كورد لە بودجەدا جێگیر دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گوتی، لەم حەفتەیەدا دەنگ لەسەر تەواوكردنی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەدرێت، بۆ پڕۆژەیاسای بودجەیش خاڵی زۆر باش پێشكەش كراون و زۆربەی داواكارییەكانی كورد لە بودجەدا جێبەجێ دەكرێن.

لە ماوەی ڕابردوودا، لیژنەی دارایی ٥٠ خاڵی سەبارەت بە كەموكوڕییەكانی بودجە پێشكەشی وەزارەتی دارایی كرد، بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە بودجەدا بكات و دووبارە رەوانەی پەرلەمانی بكاتەوە، بۆیە بڕیارە سبەی كۆبوونەوەیەكی دیكە لە نێوان ھەردوو لیژنەی حكوومەت و پەرلەمان بەڕێوە بچێت و تێیدا وەزارەتی دارایی وەڵامی داواكاریی پەرلەمان بداتەوە.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، د. بەشیر خەلیل حەداد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چاوەڕوان دەكرێت لەم حەفتەیەدا ئەو وەزارەتانەی كە ماون لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا، یەكلا بكرێنەوە و دەنگیان لەسەر بدرێت، ئەگەر ھەموویش یەكلا نەكرێنەوە، بەشی ھەرەزۆریان یەكلا دەكرێنەوە".

حەداد گوتیشی: "گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە بەردەوامە و خاڵی زۆر باشیش بۆ پڕۆژەیاسای بودجە پێشكەش كراون، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە و بەشی ھەرەزۆری داواكارییەكانی كورد لە بودجەدا جێگیر دەكرێن، بۆیە گۆڕانكاریی باش لە پڕۆژەیاسای بودجەدا ڕوو دەدات و لە بەرژەوەندیی ھەرێمی كوردستاندا دەبێت".

 

بڵند ئیبراھیم   

هەواڵی پەیوەندیدار