د. مەحموود عوسمان: سەردانی سەرۆک بارزانی دەبێتە ھۆی چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا

بەغدا-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد سەبارەت بە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەڵێ، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا گرنگیی زۆری ھەیە، چونکە کەسایەتییەکی گرنگە و ئەو سەردانە دەبێتە ھۆی ئەوەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن.
برێت مەکگۆرک، نێردراوی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر باسی لەوە کرد، ئەمەریکا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێشوازی لە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەکەن، بۆ ئەنجامدانی چەند دیدارێکی گرنگ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەھێزکردنی ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، چونکە ھەماھەنگیی ھەولێر و بەغدا پێویستییەکی سەرەکییە بۆ تێکشکانی داعش لە عێراق.
ئاژانسی فرانس پرێسیش بڵاوی کردووەتەوە، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ھەنگاوێکی نوێیە بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا باشتر بێت. سەرچاوەیەکیش، کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، لەو سەردانەدا سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران باسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و پشکی ھەرێمیان لە بوودجە کردووە و ڕێککەوتنێکیش لەسەر بوودجە کراوە.
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کوردیش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ئیجابییە و گرنگیی زۆری ھەیە، لەبەر ئەوەی کەسایەتییەکی گرنگە و سەرۆکی گەورەترین حزبی کوردستانە، بۆیە بوونی ئەو لە بەغدا کە پێشتر پەیوەندییەکان تێک چووبوون و ئێستا حکوومەت تازەیە، بۆیە ئەو سەردانە سوودی زۆری دەبێت."
د. مەحموود عوسمان گوتیشی: "دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ لایەنەکان زۆر باشە و کاریگەریی زۆریشی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، بۆیە ھەنگاوێکی ئیجابییە کە نراوە."
عوسمان باسی لەوەش کرد: "ئاڵوگۆڕکردنی ڕا لە نێوان ھەردوو لادا کاریگەریی خۆی دەبێت و ئەوەی گرنگیشە ئەوەیە کە کاتی سەردانەکە زۆر باشە، چونکە کاتی دروستکردنی حکوومەتە و بوودجە لە پەرلەمانە و و سەرەتای کارکردنە، بۆیە کاتەکەی زۆر گونجاوە."
بڵند ئیبراھیم




