زۆرینەی داواکارییەکانی کورد لە پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراقدا جێگیر کراوە
__2018_11_22_h16m44s37__ER.jpg)
بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق گوتی، لە ڕێگەی وەزارەتی داراییەوە داواکارییەکانی کوردیان سەبارەت بە بوودجە ڕادەست کردووە و زۆرینەی داواکارییەکانی کوردیش لە بوودجەدا جێگیر کراوە و ھەفتەی داھاتووش وەزارەتی دارایی وەڵامیان دەداتەوە، بۆیە گەشبینن کە داواکاریی کورد قبووڵ بکرێت، چونکە ئەوان یەک داواکارییان لە کورد ھەیە، ئەویش ڕادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتە و ھەرێمیش لەمە لاری نییە، چونکە ئەوانەی دیکە کە پێناسەی گومرگ و بوودجەی پێشمەرگە و کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسین، چارەسەر کراون.
ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، د. ئەحمەد سەفار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمەش وەکو لیژنەی دارایی لە ڕێگەی ٥٠ خاڵەوە کەموکووڕیی بوودجەمان دەستنیشان کردووە، کە حکوومەتی پێشوو ڕەوانەی پەرلەمانی کردبوو و ئاراستەی حکوومەتمان کردووە، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە بوودجە بکەن و ئێمەش بوودجەکە قبووڵ بکەین و دەست بە گفتوگۆ لەبارەیەوە بکەین، وەزارەتی داراییش تاوتوێی دەکات و ھەفتەی داھاتوو، ڕۆژی دووشەمە، جارێکی دیکە لەسەری کۆ دەبینەوە و بڕیاری لەسەر دەدەین."
د. ئەحمەد سەفار گوتیشی: "ئێمەش وەکو نوێنەری ھەر پێنج فراکسیۆنەکەی کورد سەردانی وەزیری داراییمان کردووە و لەگەڵ وەزیری دارایی کۆ بووینەوە و تێیدا داواکاریی کوردمان ئاراستەیان کرد بۆ ئەوەی لە بوودجەدا جێگیری بکەن، بۆیە چاوەڕێ دەکەین تاوەکو ڕۆژی دووشەممە داواکاریی ئێمەش تێیدا جێگیر بکرێت و جگە لەوەش، حکوومەتی ھەرێم بەردەوام لەسەر خەتە و سەرۆک بارزانیش سەردانی بەغدای کردووە، ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی داواکاریی کورد جێبەجێ بکرێت، چونکە بوونی سەرۆک بارزانی لە بەغدا گرنگیی زۆری ھەیە."
سەفار باسی لەوەش کرد: "ئێمە لەگەڵ ھەموو فراکسیۆنەکان لەگفتوگۆداین بۆ ئەوەی ھەمووان ڕازی بکەین کە داواکاریی کورد قبووڵ بکەن و تا ئێستاش ڕای ھەمووان باشە و ئەوەی گرنگە توانیومانە بوودجەی پێشمەرگە و کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان، کە پێشتر نەبووە، لە بوودجەدا جێگیر بکەین و پشکی ھەرێمیش بە جۆرێک دەدرێت، ئەگەر ١٧%یش نەبێت، بەڵام بڕەکەی زیاد دەبێت و ئەوەی دیاری کراوە بەو جۆرە نابێت و زۆر زیاتر دەبێت."
سەفار ئەوەیشی خستە ڕوو: "حکوومەتی عێراق یەک داواکاریی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئەویش ڕادەستکردنی ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا و ھەرێمی کوردستانیش لەمە لاریی نییە، چونکە کێشەکانی دیکە چارەسەر کراون، بۆیە گەشبینین کە بەشەبوودجەی ھەرێم دەگەڕێتەوە و چیی تر ئەو غەدرەی ڕابردوو لە ھەرێم کراوە، نامێنێت."
بڵند ئیبراھیم




