٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

9 هەزار ئاوارەی كوردی خورماتوو لە گەرمیانن و ناتوانن بگەڕێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

گەرمیان-KDP.info-  دوای داگیركردنی خورماتوو لە 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوودا لە لایەن حەشد و هێزەكانی عێراقەوە، هەزاران خێزانی خورماتوو ئاوارەی شارەكانی كوردستان بوون، كە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدەوە ماڵەكانیان سووتێندراون یان تەقێندراونەتەوە، دوای زیاتر لە ساڵێك، 9 هەزار ئاوارەی كوردی ئەو شارە لە گەرمیان ماونەتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە.

بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "9 هەزار كوردی ئاوارەی خورماتوو، كە بە هۆی كارەساتی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو ئاوارە بوون، نەگەڕاونەتەوە بۆ شارەكەیان".

لەگەڵ داگیركردنی خورماتوو لە 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوودا، زۆربەی ماڵە كوردەكانی ئەو شارە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە سووتێندران و تەقێندرانەوە، حكوومەتی عێراقیش ئامادە نییە قەرەبوویان بكاتەوە، ژاڵەیی گوتیشی: "مانەوەی ئەو 9 هەزار ئاوارەیەی خورماتوو و نەگەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، هۆكاری جیاجیای هەیە كە بەشێكیان بە هۆی دۆخی نائاسایی و ناجێگری شارەكەیانەوەیە و، بەشێكیشیان بە هۆی ئەوەی پێوەندییان بە حیزبە كوردییەكانەوە هەیە، ناتوانن بگەڕێنەوە، هەروەها بەشێكی دیكەیشیان ماڵەكانیان تەقێندراونەتەوە یان سووتێندراون كە ئەندامن لە حیزبی كوردیدا و دڵنیا نین لە ژیانی خۆیان تا بگەڕێنەوە."

بەڕێوەبەری كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان، زیاتر گوتی: "60 خێزان لەو ئاوارانە لە كەمپەكاندا دەژین و ئەوانی دیكەیش یان خانوویان بە كرێ گرتووە، یانیش لە ماڵی خزم و كەسەكانیانن، حكوومەتی عێراقیش وەك ئاوارە سەیریان ناكات و ئامادەی هاوكاریكردنیان نییە، تەنیا ئەو هاوكاریانە نەبێت كە بۆ ئاوارەكان هاتووە و هەوڵمان داوە بەشی ئەوانیشی لێ بدەین".

دەشڵێ: "ساڵێكە هیچ هاوكارییەك بۆ ئاوارەكانی تەواوی پارێزگاكانی عێراق كە بە هۆی شەڕەوە ئاوارە بوون و هاتوونەتە گەرمیان، دابین نەكراوە".

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار