٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەخەنە بەر باس

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر -KDP.info- سەرۆک مەسعوود بارزانی، سەردانی بەغدا دەكات و، لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی عێراقدا پرۆسەی سیاسیی و چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور، دەخرێنە بەر باسەوە.

سەردانەکەی سەرۆك بارزانی، بۆ بەغدا به‌ یه‌كه‌م سه‌ردانى داده‌نرێت، دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی، کە سەرۆك بارزانی پشتگیریی خۆی بۆ حکوومەتەکەی راگەیاندووه‌.
دوێنێ و له‌ كۆنفڕانسى رۆژنامه‌وانیى هه‌فتانه‌یدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی وێڕای بە ئەرێنی نەرخاندنی سەردانەکە، ڕایگەیاند، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانیدا كۆ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ردوولا پرسى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكوومه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوو ده‌كه‌ن.

بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوبارەوە دەڵێ، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا لەسەر داوای لایەنە عێراقییەکانە و، باوەڕیشی وایە، ئەم سەردانە لەم کاتەدا "زۆر پێویست و زەرورە."

عەلی حوسێن بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ھەرشاندێکی عێراقی سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردبێت داوایان لە سەرۆک بارزانی کردووە سەردانی بەغدا بکات، بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و پشتگیریکردن لە حکوومەتی عێراق، بۆیە وەکو عورفێکی سیاسی و زیاتر لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، زەرورە سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدا بکات."

سەرۆک بارزانی لەو سەردانەدا زۆر لە کەسایەتییە سیاسی و لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق دەبینێت و عەلی حوسێن جەخت دەکاتەوە لەوەی، "سەردانەکە دەبێتە ھاندەرێک بۆ باشتر بەرێوەچوونی پرۆسەی سیاسی و لێکتێگەیشتنی زیاتریش، لەبەر ئەوەی بوونی سەرۆک بارزانی لە بەغدا دەبێتە ھۆکارێکی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە ناوچەکە بە قۆناغێکی گرینگدا تێپەڕ دەبێت، لەبەرە ئەوەی ئەو گفتوگویانە رەنگدانەوەی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە ھەرێم و عێراق دەبێت."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار