شارەزایەكی نەوت: زیادكردنی رێژەی گاز، سوودێكی زۆری بۆ كوردستان دەبێت

هەولێر-KDP.info- دوێنێ ھەردوو گەورەكۆمپانیای جیھانی (دانەغاز و ھیلال) بۆ بەرھەمھێنانی نەوت ئاشكرایان كرد، لە ئەنجامی كاركردنیان لە كێڵگەی كۆموری ھەرێمی كوردستان، توانیویانە ٣٠%ی بەرھەمی گاز زیاد بكەن، شارەزایەكی كەرتی نەوت و گازیش دەڵێ، زیادكردنەكە بۆ داھاتووی ھەرێمی كوردستان سوودێكی یەكجار زۆری دەبێت.
كۆمپانیای دانەغاز، لە راگەیێندراوێكدا كە دوێنێ چوارشەممە بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بە ھەنگاوەكانی كردووە بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی بەرھەمھێنانی گازی سرووشتی لە ھەرێمی كوردستان و تێیدا ھاتووە: "وەبەرھێنان لە پڕۆژەی گازی سرووشتیی كوردستان گەییشتووەتە ملیارێك و چوارسەد ملیۆن دۆلار، كە توانای بەرھەمھێنانی گازی سرووشتی بەرز كراوەتەوە و ئەگەر ھاوتا بكرێت دەكاتە ٢٥٠ ملیۆن بەرمیل و پارەیەكی زۆری بۆ ھەرێمی كوردستان گەڕاندووەتەوە، كە دەكرێ حكوومەت بۆ كڕینی سووتەمەنیی بەكارھێنانی یەكەكانی كارەبا تەرخانی بكات".
لەو بارەیەوە، یەروانت ماركۆس، شارەزای كەرتی نەوت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ڕاستە پێش دوو رۆژ رێژەی بەرھەمھێنانی گاز لە كێڵگەكانی ھەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز كراوەتەوە، ئەمەیش كاریگەریی زۆری لەسەر رەوشی ھەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە ئاستی بەرھەمھێنان چ لە بواری نەوت و بەرھەمەكانی دیكەی سرووشتی بێت یاخود گاز و وزە، زیاتر باڵانسی ھەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا بەرز دەكاتەوە".
مەجید جەعفەر، سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری كۆمپانیا دانەغاز، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "توانیومانە رێژەی بەرھەمھێنانی گازی سرووشتی لە ٣٠٥ ملیۆن پێ سێجاوە بۆ ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجا بەرز بكەینەوە، ئەمەیش تەنیا لە یەك رۆژدا، بەمەیش دەستپێكی قۆناغێكی نوێ دەبێت بۆ وەبەرھێنانی زیاتر لە كێڵگەكانی ھەرێمی كوردستاندا".
یەروان ماركۆس، كە ھاوكات پێشتر ئەندامی لیژنەی سامانی سرووشتیی پەرلەمانی كوردستانیش بووە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەگەر بەو گازە سرووشتییە نەبووایە، پێویست بوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پارەیەكی یەكجار زۆر لە كەرتی كارەبادا خەرج بكات، بەڵام ئێستا تەنیا بەشێكی بە گازی سرووشتی كار دەكات و رێژەی بەرھەمھێنانی كارەبا بەرز كراوەتەوە، من دڵنیام ئەگەر كۆمپانیاكانی جیھان وەك دانەغاز و ھیلال بەردەوام بن لەسەر كارەكانیان، لە دواڕۆژدا گازی سرووشتی ھەم دەبێتە سەرچاوەی داھاتی ھەرێمی كوردستان و ھەمیش بۆ دابینكردنی كارەبا و تەنانەت گەرمكەرەوەیش بەكار دێت".
قائید میرۆ




