٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەوپارەیەی ئەمەریکا بە قەرز داویەتە عێراق، پشکی پێشمەرگە ١٥٠ ملیۆن دۆلارە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکئەرکانی ئۆپراسیۆنەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەمەریکا لەو قەرزەی داویەتە عێراق نزیکەی ١٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ھەرێمی کوردستانە و بەو پارەیە دوو لیوای ھێزی پێشمەرگە ئامادە و پڕچەک دەکرێن.

لیوا قارەکان کەمال، جێگری سەرۆکئەرکانی ئۆپراسیۆنەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "عێراق بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی بڕێک پارەی لە ئەمەریکا قەرز کردووە و لەو پارەیە نزیکەی ١٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ ھێزی پێشمەرگە تەرخان کراوە و حکوومەتی عێراقیش ڕەزامەندیی لەسەر داوە و ئێمەش بڕیارمان داوە بەو پارەیە دوو لیوای ھێزی پێشمەرگە کە دیاری کراون، ئامادە و پڕچەکیان بکەین و ھەموو پێداویستییە سەربازییەکان و چەک و تەقەمەنییان بۆ دابین بکەین."

لیوا قارەمان کەمال گوتیشی: "ڕەزامەندی دراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای ساڵی داھاتوو پارەکە بگاتە ھەرێمی کوردستان و ھەرکاتێک گەیشتە دەستمان دەست بە پڕچەککردنی ئەو دوو لیوایەی ھێزی پێشمەرگە دەکەین."

کەمال باسی لەوەش کرد: "ئەو پارەیەی دەدرێتە وەزارەتی پێشمەرگە قەرزە و حکوومەتی عێراق دەیداتەوە بە ئەمەریکا نەک ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوەی دەدرێت پشکی ھەرێمی کوردستانە لەو قەرزە."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار