هاووڵاتیان: گەشبینین کە چوار ساڵی دابێ ھەرێمی كوردستان سەقامگیرتر بێت
__2018_11_18_h18m48s41__HK.jpg)
ھەولێر-KDP.info- دوێنێ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی گفتوگۆ بۆ پێكھێنانی حكوومەت دەستی بە سەردانی لایەنەكان كرد. ھاونیشتمانیانیش لەو بارەیەوە دەڵێن، گەشبینن بەوەی چوار ساڵی دابێ، چوار ساڵی باشتركردنی بژێویی ھاووڵاتیان بێت و داھاتووی ھەرێمی كوردستان سەقامگیرتر و بەهێز بێت.
گەڕی یەكەمی دانوستانەكان بۆ پێكھێنانی حكوومەت دەستی پێ كرد و، بەشێك لە ھاونیشتمانیان ڕا و بۆچوونی جیاوازیان ھەیە و پێیان وایە لایەنە سیاسییەكان ھەرچی زووترە بگەنە ڕێككەوتن و ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكەن كە داویانە بە ھاووڵاتیان.
بۆ ئەم مەبەستە، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕا و بۆچوونی ھاونیشتمانیان وەردەگرێت سەبارەت بە كۆبوونەوەی لایەنەكان بۆ پێكھینانی حكوومەت و گەشبینیی ھاووڵاتیان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت.
ھۆشیار خالید، مامۆستا لە قوتابخانەی كانیقڕژاڵەی شاری ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "كەشوھەوای پێكھێنانی حكوومەت تا ڕادەیەك ئەرێنییە، زۆربەی لایەنەكان بە ئاوڕدانەوە لە چوار ساڵی ڕابردوو، دەتوانن خزمەت بكەن و ھەڵەكانیان دووبارە نەكەنەوە، گەشبینیشم بەو لایەنە خەمخۆرەی كە لە چوار ساڵی ڕابردوودا بەرەنگاری كێشە ناوخۆیی و داراییەكان بووەوە، بۆیە دەكرێ بڵێین ئەو كەسانەی كە دەسەڵاتدارن، پێویستە ئاوڕێك لە ھاونیشتمانیان بدەنەوە و چیی تر بارودۆخی مامۆستا و فەرمانبەران بەو شێوەیەی پێشتر خراپ نەبێت".
دوێنێ، شەممە ١٧-١١-٢٠١٨، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەر پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستان، سەردانی یەكێتی و گۆڕانی كرد و بڕیاریشە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا كۆ ببێتەوە.
قوتابییەكیش لە ڕانیە دەڵێت: "باشترە پارتی لەگەڵ یەكێتیدا حكوومەت پێك بێنێت، چونكە دەتوانن چاودێریی یەكدی بكەن و لایەنەكانی دیكەش ببنە ئۆپۆزیسیۆن."
بەھجەت عەلی، قوتابیی پەیمانگا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "بە ھەوڵ و ھیممەتی لایەنەكان، بە تایبەت ھەوڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكھێنانی حكوومەت گەشبینم، بەوەی كە لایەنەكان كۆ بوونەتەوە بۆ پێكھێنانی حكوومەت و بڕوام وایە ئەم كابینەیە سەركەوتووتر دەبێت، وەك قوتابییەكیش نێچیرڤان بارزانیم پێ باشترین كەسە بۆ ئەوەی كۆتایی بە ھەموو قەیرانەكان بێنێت".
پێشمەرگەیەكیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "بە ڕێككەوتنی لایەنەكان ڕەوشەكە سەقامگیرتر دەبێت.
ئەزوەر عەبدولسەمەد حەسەن، پێشمەرگەی لیوای ٢ی زێرەڤانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گەشبینم بە پێكھێنانی حكوومەت و ھیوادارین لە ماوەیەكی كورتدا حكوومەت پێك بێت، چونكە بە ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان، ھەموو قەیرانەكان كۆتاییان پێ دێت، بە تایبەت ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی، چونكە ئەزموونی ڕابردوو ئەوەمان بۆ دەردەخات كە ھەركات ئەو دوو لایەنە ڕێك كەوتوونە، دۆخی ئابووری باشتر بووە".
رۆژی ٣٠ی مانگی ڕابردوو، ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی كوردستان ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پەسند كرد. پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەم بوو و ٤٥ كورسیی بە دەست ھێنا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ٢١ كورسی و بزووتنەوەی گۆڕان ١٢ كورسییان بە دەست ھێنا.
هەڵكەوت محەمەد




