دەیان سەركردەی ئەنەكەسە چارەنووسیان نادیارە

ڕۆژئاوای كوردستان-KDP.info- دوای ڕفاندنیان، دەیان سەركردەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە)، چارەنووسیان نادیارە، چاودێرانیش داوا دەكەن ئازادیی سیاسی لە رۆژئاوای كوردستاندا فەراهەم بكرێت.
زیاتر لە 10 ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا (پ.د.ك.س) و دەیان سەركردەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە)، لەلایەن هێزەكانی (پەیەدە)ـوە دەستگیر كراون و بەشێكی دیكەیشیان بە دەستبەسەركراوی لەناو زیندانەكانی رۆژئاوای كوردستاندا ماونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.
كامێران حەجۆ، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لە سەرجەم شارەكانی رۆژئاوای كوردستاندا، سەركردەكانی (ئەنەكەسە) دەستگیر كراون و بەشێكیان چارەنووسیان نادیارە، بە تایبەت لە ئەنجوومەنە خۆجێییەكان، خەڵكێكی زۆرمان رووبەڕووی ئەشكەنجە و ئازار بوونەتەوە و ئێمەیش نازانین لە چ شوێنێك ئەو سەركردانە حەشار دراون، كە سەرجەم گیراوەكانیش بە هۆی جیاوازیی بیروڕای سیاسییەوە قۆڵبەست كراون".
حەجۆ، هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو كە، هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی ئاگاداری كۆمەڵگای مەدەنی و رێكخراوە جیهانییەكان و نەتەوەیەكگرتووەكان بكەنەوە، بەردەوامن و لەو بارەیەیشەوە روونكردنەوەیان پێ دراوە.
هاوكات نیزام ئیبراهیم، رۆژنامەوان و چاودێری سیاسی لە رۆژئاوای كوردستان، كە ئێستا بە هۆی هەڕەشەی (پەیەدە)ـوە هاتووەتە باشووری كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "10 سەركردەی دیاری ئەنەكەسە كە دۆسییەكانیان لامانە، لە رۆژئاوای كوردستان ڕفێنراون، دەبێ (پەیەدە) بەرپرسیارەتیی ئەو دۆخە هەڵبگرێت، چونكە لە ژێر هەژموونی دەسەڵاتی سەربازی و دەزگا ئەمنییەكانی ئەوانەوە دیار نەماون، وێڕای ئەوەیش دۆسیەی ئازار و ئەشكەنجەدانی دەیان رۆژنامەنووس هەیە كە لە زیندانەكانی سەر بە (پەیەدە) تۆمار كراون و بەشێكیان رووبەڕووی كوشتن بوونەتەوە و زۆرێكیشیان رۆژئاوای كوردستانیان جێ هێشتووە".
ئیبراهیم دەشڵێ: "ئەگەر فەزای ئازادیی سیاسی لە رۆژئاوای كوردستاندا دروست نەبێت، ئەگەری ڕوودانی كارەساتی مرۆیی هەیە".
راژیار هەورامی




