بە ھۆی سەرھەڵدانەوەی داعشەوە، ١٨ هەزار كەس ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوونە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەكان لە ھەرێمی كوردستان گوتی، بە ھۆی تێكچوونی دۆخی ئەمنی و سەرھەڵدانەوەی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارەی ھەرێم دەبنەوە و، تەنیا ئەمساڵیش ١٨ هەزار كەس ئاوارە بوونە.
ھۆشەنگ محەممەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئاوارەبوونی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بۆ ھەرێم بە ھۆی سەرھەڵدانەوەی داعش و تێكچوونی دۆخی ئەمنییەوە، بەردەوامە و خەڵك رۆژانە ئاوارەی ھەرێم دەبنەوە و ئێمەیش لە كەمپەكانی ھەرێمی كوردستان نیشتەجێیان دەكەین و ھەموو ھاوكارییەكیشیان پێشكەش دەكەین".
محەممەد گوتیشی: "تەنیا لەمساڵدا لە مووسڵ و كەركوك و سەڵاحەددین، ١٨ هەزار كەس ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوونە و ئەوانەی ئاوارەیش دەبن باس لەوە دەكەن كە بە ھۆی خراپیی دۆخی ئەمنییەوە ئاوارە بوونە".
دەشڵێ: "حكوومەتی عێراق زۆر بە كەمی ھاوكاریی ئاوارەكان دەكات و زیاتر ھەرێمی كوردستان ھاوكاریانە، بەپێی دوائاماریش، ملیۆنێك و ١٧٩ هەزار ئاوارە لە ھەرێمی كوردستاندا ھەن و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان".
بڵند ئیبراھیم




