ھەناردەی نەوتی كەركووك دەستی پێكردەوە.. لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە سوودى لێ نەبینراوە

كەركووك-KDP.info- دوێنێ ھەینی جارێكی دیكە ھەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركووك لە رێگەی ھەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیھانی توركیا دەستی پێكردەوە و، بڕیارە ناردنی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕیی ھەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیھان ئاسایی ببێتەوە.
عاسم جیھاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە ئاژانسەكانی ھەواڵی راگەیاندووە: "بڕیارە رۆژانە نزیكەی 100 ھەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لە رێگەی ھەرێمی كوردستانەوە رەوانەی دەرەوە بكرێت و لێكتێگەییشتن و رێككەوتنی سەرەتایی لە نێوان ھەردوولا ھەیە بۆ چارەكردنی ھەناردەی نەوتی كەركووك و دەبێتە سەرەتایەكی باشیش بۆ چارەكردنی كێشەكانی دیكەی نێوان ھەردوولا".
پێشتر بەپێی رێككەوتنێكی نێوان ھەردوو حكوومەت، رۆژانە 300 ھەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی بایحەسەن و ھاڤانەی شاری كەركووك لەرێگەی ھەرێمی كوردستانەوە ھەناردەی بازاڕی جیھان دەكرا، بەڵام لەگەڵ رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، ھەناردەكردنی نەوت راگیرا و لە رێگەی تانكەرەوە رەوانەی ئێران دەكرا.
ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "ماوەیەكە دانوستان ھەیە لە نێوان ھەردوولادا بۆ چارەكردنی كێشەكان كە یەكێك لەوانە بابەتی نەوتی كەركووكە، ھەر رێككەوتن و لێكتێگەییشتنێك ھەبێت ئەوە ھەنگاوێكی زۆر باشە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و نیەتی بەغدایش بۆ ئێمە زیاتر ڕوون دەبێتەوە بۆ چارەكردنی پرسە ھەڵواسراوەكان".
دكتۆر عەلی بەلۆ، پسپۆڕی كەرتی نەوت، لەبارەی نەوتی كەركووكەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتى كوردستان ئاشكرای كرد: "بەپێی دەستووری عێراق، پێویستە ھەردوولا، واتا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق پێكەوە ئیدارەی ناوچەكانی سنووری مادەی ١٤٠ی دەستوور بكەن، یەكێك لەو بابەتانەیش نەوت و سامانی سرووشتییە، چونكە فرۆشتنی نەوتی كەركووك لەلایەن بەغداوە بە تاكلایەنە وەك ساڵێك بوو ھەناردەی ئێرانی دەكرد، پێچەوانەی دەستووری عێراقە، چونكە بەغدا چەند مافی ھەیە لەو سنوورانە، ھەرێمی كوردستان ئەگەر زیاتری نەبێت، كەمتری نییە، لەبەر ئەوە باشترین چارە بۆ ئیدارەدانی نەوتی كەركووك، گەییشتنە بە رێككەوتن.
ھەر پێوەست بە ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكیدا گوتی: "لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا دەگات بە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی ھەناردەكردنی نەوتی پارێزگای كەركووك لە رێگەی ھەرێمی كوردستانەوە".
لە لایەكی دیكەیشەوە، ئەحمەد عەسكەری، سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كەركووك كۆگای گەورەی نەوتی ھەیە و ئەگەر چاكسازی بكرێت، لە ماوەی شەش مانگدا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی كەركووك بۆ 600 ھەزار بەرمیل نەوت بەرز دەكرێتەوە".
عەسكەری گوتیشی: "كۆمپانیایی (پی پی)ـیش باسی لەوە كردووە كە دەتوانن ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی كەركووك لە ماوەی داھاتوودا بۆ یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بەرز بكەنەوە، ئەمەیش بۆ عێراق بە گشتی و خەڵكی كەركووك و ھەرێمی كوردستانیش زۆر گرینگ و ئەرێنییە، چونكە لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، ھیچ سوودێك لە نەوتی كەركووك نەبینراوە".
قائید میرۆ- بڵند ئیبراھیم




