٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە کەرکووک عەرەبی ھاوردە خانوو و باڵاخانە لەسەر زەویی كورد دروست دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- بە گوتەی ئەندامێكی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ماوەیەكە پیلانی نوێ بۆ درێژەدان بە عەرەباندن لە شاری كەركووك جێبەجێ دەكرێت و دەڵێ، بە ناوی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، ھەرچیی زەویی كوردە بەسەر عەرەبی ھاوردەدا دابەش دەكرێ و خانوو و دووكان و باڵاخانەی بازرگانییان لەسەر بینا دەكرێت.

پێشتر عەرەبە ھاوردەكان لە گەڕەكە كوردنشینەكانی كەركووك خانوویان بەكرێ دەگرت، یانیش لە گوندەكان شوێنی خۆیان دەكردەوە، بەڵام ئێستا خانوو و باڵاخانە لەسەر زەویی كورد دروست دەكەن و بە فەرمانی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووكیش ھەموو ئاسانكارییەكان بۆ كراوە.

لەوبارەیەوە، جوان حەسەن، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە بە لێشاو عەرەبی شۆڤێنی ھاوردەی شاری كەركووك و دەوروبەری دەكرێن و لە لایەن پارێزگاری سەپێندراوی كەركووكەوە ئاسانكاریی زۆر بۆ ھاوردەكردنی عەرەب دەكرێت، واتە عەرەباندن بەردەوامە، لەوەش خراپتر. عەرەبە ھاوردەكان دەستیان بە دروستكردنی خانوو و دووكان و باڵاخانەی بازرگانی لە كەركووك كردووە".

ئەندامەی لیستی برایەتی ئاشكرای كرد: "نووسراومان ھەیە كە پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بە ناوی ئەوەی زەوی بەسەر خاوەن بڕوانامە باڵاكاندا دابەش دەكات، زەوی بە خەڵكی دیكەی شۆڤێنیش دەدات، ئەمە لە كاتێكدایە پێویستە دوای ئیفرازكردنی زەوییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگاوە بڕیار لە دابەشكردنی زەوی بدرێت، كەچی ڕاكان سەعید بە ئارەزووی خۆی كەوتووەتە تەخشان و پەخشانكردنی زەویی كەركووك و بەغداش لەو پیلانەیدا ھاوكاریی باشی ڕاكان و ھاوشێوەكانی دەكات، تا كەركووك لە دەست كورد دەربێنن".

حەسەن ڕوونیشی كردەوە: "ئێستا ئاوارەكانی حەویجە ئەوانەی پێشتر لە ناو كەمپەكاندا بوون، ڕێگەیان پێ دەدرێت بێنە ناو شاری كەركووكەوە، جگە لەوەش.

لە ناوچەكانی دیكەی عێراقیشەوە عەرەب ھاوردەی كەركووك دەكرێت، لە داھاتوودا ھاتنی ئەو ھەموو عەرەبە شۆڤێنییە كاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی كەركووك و دیموگرافیای شارەكە دەبێت، چونكە بەشێكی زۆریان دەبنە خاوەنی كارتی نیشتمانی و فۆڕمی خۆراكی كەركووك، هەروەها دەشبن بە مەترسی بۆ سەر شارەكە و دەتوانن بەشداریی دەنگدانیش بكەن".

جوان حەسەن دەشڵێت: "ئەو زەوییانەی ئێستا عەرەبی ھاوردەیان تێدا نیشتەجێ بوونە و ئەوانەیشی لە لایەن پارێزگاری سەپێندراوی كەركووكەوە دابەش دەكرێن، ھەموویان، یان زەویی كوردن، یانیش مڵكی حكوومەتن و پێشتر بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری دابین كراون، ئێستایش وا بە پەلەپەل دابەشی دەكەن و دەیانەوێ تا ڕەوشەكە ئاسایی نەبووەتەوە، زۆرترین عەرەب لە ناوچەكەدا نیشتەجێ بكەن".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار