٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داعش لە سنوورەکانی دەرەوەی هەرێم سەری ھەڵداوەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، داعش بە شێوەیەکی بەرچاو لە ھەموو سنوورەکان سەری ھەڵداوەتەوە و بووەتە مەترسییەکی جددی، بۆیە پێویستە ھاوپەیمانان بێنە سەرخەت و کارێک بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لەوەی وەکو پێشتر بەھێز ببنەوە.

 


لیوا سالار جەباری، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داعش جارێکی دیکە لە ھەموو سنوورەکان سەری ھەڵداوەتەوە، لە سنوورەکانی عێراق و ھەرێم، لە حەمرین و مەخموور و ناوچەکانی دیکە. بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ھاوپەیمانانمان ئاگادار کردووەتەوە و خۆیشیان وەکو ئێمە ئاگادارن."

 

لیوا سالار جەباری گوتیشی: "داعش بووەتە مەترسییەکی جددی و ئەگەر ڕێگرییان لێ نەکرێت دەست بە نانەوەی ئاڵۆزی دەکەنەوە ، بۆیە ئێمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە باش خۆمان ئامادە کردووە و ڕێگەمان نەداوە دزە بکەنە ناو ھەرێمی کوردستان و لە ھەر شوێنێکیش بزانین هەن، لێیان دەدەین."

 

جەباری باسی لەوەش کرد: "لە هەر شوێنێک پێشمەرگەی لێ بووە و کشاوەتەوە لە کەرکووک و خانەقین و کفری و کەلار و مەخموور، لە ھەمووی داعش سەری ھەڵداوەتەوە و ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبیش نەیانتوانیوە بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە، بۆیە داعش بە ئارەزووی خۆی تەڕاتێن دەکات و ڕۆژانە خەڵک دەکوژن و دەیانڕفێنن و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن."

 

جەباری گوتیشی: "پێویستە ھاوپەیمانان بێنە سەرخەت، مەترسییەکی گەورە لەو سنوورانە ھەیە و ناکرێ بەوجۆرە بێدەنگی ھەڵبژێرن و پێویستە کارێک بکرێت بۆ ئەوەی وەکو پێشتر داعش بەھێز نەبێتەوە."

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار