سالار عوسمان: پارتی بۆ دروستكردنی كابینەیەكی بەھێز، جۆری گفتوگۆ و تێگەییشتن دەگۆڕێت

ھەولێر-KDP.info- لەمەودوا دانوستانی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم دەست پێدەكات، ئەندامێكی دەزگای ڕاگەیاندنی پارتییش دەڵێ، ئامانجی پارتی، پێكھێنانی حكوومەتێكی بەھێزە لە چوارچێوەی باشكردنی ژیانی خەڵك و حكوومەتدارییەكی سەركەوتوو بە لێكتێگەییشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا.
٣٠ی ئەیلوول، لە ھەرێمی كوردستان ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو، ئەنجامەكان ڕاگەیەنران و براوەی یەكەم پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، كە ٤٥ كورسیی پەرلەمانی بە دەست ھێنا و، ٦ی ئەم مانگەیش یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا و ئەندامە نوێیەكانی خولی پێنجەمی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان سوێندی یاساییان خوارد، پارتییش وەك براوەی یەكەم، دەبێت یەكێك ڕاسپێرێ بۆ دانوستان و لێكتێگەییشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان.
پەیوەست بەم پرسە، ئەندامی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی، د. سالار عوسمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕوانگەی پارتی بۆ پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم، ئەوەیە كە دەیەوێت حكوومەتێكی بەھێز دروست بكرێت، چەمكی حكوومەتی بەھێز بە تێگەییشتنی یەكڕیزیی وڵات و یەكئیرادەیی لە حكوومەت بەرجەستە بكات، یەكڕیزی بەم شێوەیەی كە لایەنە سیاسیییەكان بەشدار بن یەكئیرادەیی و یەكبڕیاری و یەكبینی لە حكوومەت بەرجەستە بكات، بەداخەوە لە كابینەی پێشوو یەكبڕیاری و یەكبینی لە حكوومەت نەبوو، كە ئەمەیش ھەمووان زەرەرمان لێ كرد، ھەم حكوومەت و ھەم پڕۆسەی سیاسی و ھاووڵاتیانیش".
د. سالار گوتیشی: "تێگەییشتنی دووەم لە ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەیە كە لە ڕێگەی حكوومەتێكی بەھێزەوە بتوانێت ژیانی خەڵك باش بكات، مەبەست لە ژیانی خەڵك تەنیا مووچە نییە، بە نموونە كوالێتییەكی باشی تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییەكی باشە، گشت ئەو سێكتەرانەی حكوومەت بە كار و بە ئەركی خۆی دەزانێ لە ڕێگای سێ چەمكی وەك یەكڕیزی و یەكبینی و ژیانی باش، ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەمەیش چۆن دەكرێت، بە كام میكانیزم و ڕێگر و لەمپەرەكان چین؟".
ئەو ئەندامەی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن پێی وایە، لەمپەرەكانیش بریتین لە دەستپێكردنی دانوستانەكان، دوای ئەوەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی دەبێ جەنابی نێچیرڤان بارزانی ڕاسپێرێ بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، لە دانوستانەكاندا دەبێت ئەم چەمكانە لەگەڵ لایەنەكان باس بكرێت، بە مانایەكی تر لایەنەكان نابێت لە حكوومەت بن و بە بەردەوامی بنكۆڵی حكوومەت بكەن، هەروەها نابێ لە حكوومەت بن و بە گیانی ئۆپۆزیسیۆن و بە گیانی ڕقەوە كار بكەن، ئۆپۆزسیۆنبوون كارێكی زۆر باشە، بەڵام بە مەرجێك ڕقی لەگەڵ نەبێت و چوارچێوەیەك ھەبێت بتوانێت ئەویش لە پێناو خزمەتكردندا بێت."
عوسمان، دەشڵێ: "پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانوستانەكانی ئەمجارەدا جۆری گفتوگۆ و جۆری تێگەییشتن دەگۆڕێت، بەو جۆرەی لایەنەكان بە قەد كورسییەكانیان دەبینرێن و دانوستانیان لەگەڵ دەكرێت، بەڵام ھەموو هەوڵێكیش بۆ ئەوەیە بتوانین حكوومەتێكی بەھێز دروست بكرێت و لایەنە گرینگەكانی تێدا بێت، لایەنێكی گرینگیش یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە، ئەگەر ژمارەی كورسییشی كەم بێت، بەڵام ئەمە ڕاستییەكی واقیعی و جوگرافییە كە دەبێت لە حكوومەت بن، بە كام تێگەییشتن؟ پەنجا بە پەنجا؟ بێگومان نەخێر، بە تێگەییشتنی دوو ئیدارەیی؟ بە تێگەیشتنی ئەوەی لە حكوومەت بن و نەتوانن وەك ئەوەی یەكئیرادەیی بۆ حكوومەت دەربخەن؟ بێگومان نەخێر، بەو تێگەییشتنە لە حكوومەت بن كە بیانەوێ لە سلێمانی بە جۆرێك لە حكوومەت بن و لە ھەولێر بە جۆرێكی تر؟ نەخیر بە دڵنیاییەوە، یەكێتی لە قۆناغێكدایە دەبێت خۆی بگۆڕێت و دەبێت تێبگات لەوەی حكوومەت دامودەزگا و خەڵك بەرھەم و دەرھاوییشتەكانی ژیانە لە ھەمان كاتدا ئایا یەكێتی دەتوانێت خۆی بگۆڕێت بۆ تێگەییشتنی حكوومەتداری، ئەمە پرسیارە گرینگەكەیە و دەبێت یەكێتییەكان وەڵامی ئەمە بدەنەوە."
ڕوونیشی كردەوە: "لەگەڵ حزبەكانی تریش بە نموونە گۆڕان، كە دێنە حكوومەت یان پێیان باشە بێنە حكوومەت، دەبێت ئەمجارە ئەم نەفەسی شكان و نەفەسی كەرتكردن و نەفەسی زامداركردنەی حكوومەت لە خۆیاندا كۆتایی پێ بھێنن، یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاری داوە نەیەتە حكوومەتەوە و وەك ئۆپۆزسیۆن كار بكات، بۆیە ئۆپۆزسیۆنبوون كارێكی باشە، پێم چاكە كابینەی بنكەفراوان دووبارە نەبێتەوە و تەنیا دەكرێت ئۆپۆزیسیۆن ھەبێت، كابینەیەكی بەھێز ھەبێت و خەڵك و حكوومەتداریش قازانج دەكات، بەڵام بە تێگەییشتنی جیاواز، بە تێگەییشتنی نوێ، كەواتە پارتی و گۆڕان و یەكێتی و ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت تێگەییشتنیان بۆ حكوومەتداری بگۆڕن، ئێستا قۆناغێكی نوێیە و حكوومەت لە بەردەم ئەركی گەورەدایە بۆ خزمەتگەیاندن بە خەڵك و باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیان."
فایزە كۆیی




