چاودێران: خەڵك لە مۆدێلی پێیەك لە حكوومەت و پێیەك لە ئۆپۆزسیۆندا بێزار بوونە

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا پارتی دیموكراتی كوردستان بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دیاری بكات و، چاودێران باوەڕیان وایە كە ناكرێت بە نیەتی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە حزبەكان بەشداری لە حكوومەتدا بكەن.
عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانی و عێراقییەكانی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لەم رۆژانەدا دەست بە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەكەین و، هەردووكیان وەك یەك پاكێج لەگەڵ لایەنەكان دەخەینە بەردەست، دوای دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكوەزیرانی كوردستان دەستنیشان دەكرێت، سەرۆكوەزیرانی دەستنیشانكراویش لەگەڵ شاندی پارتی سەردانی ئەو لایەنانە دەكات كە خوازیارن بەشداری لە حكوومەتدا بكەن، ئێمەیش وەك پارتی هێڵی سوورمان لەسەر هیچ لایەنێك نییە".
گوتیشی: "بەربژێری ئێمە بۆ سەرۆكوەزیرانی هەرێم، بەرنامەی خۆی بۆ حزبەكان دەخاتە روو، ئەگەر ئەوانیش بەرنامەیان هەبێت بۆ باشتركردنی حكوومەت، ئەوە وەك پاكێج لێیان وەردەگرێت و كاری لەسەر دەكرێت، بەڵام گرینگ ئەوەیە ئەزموونی 50 بە 50 دووبارە ناكرێتەوە و ئەزموونی حكوومەتی بنكەفراوانیش تاقی ناكرێتەوە، وەلێ رەچاوی شەراكەت دەكەین".
حوسێن، هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، هەر حزبێك بیەوێت بێتە حكوومەتەوە، دەبێ بە فیعلی لە پڕۆسەی حكوومەتداریدا بێت و، ناكرێت پێیەكی لە حكوومەت و پێیەكی لە ئۆپۆزسیۆن بێت.
هەر پێوەست بەو پرسە، سۆران سێوكانی، چاودێری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "یەكەم كار كە دەبێ حزبی براوە ئەنجامی بدات، ئەوەیە كە رێگا نەدرێت هیچ حزبێك بە نیەتی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە بەشداری لە حكوومەتدا بكات، چونكە ئەزموونی رابردوو دەریخست كە تەنیا دوو حزب هەڵگری بەرپرسیارەتیی حكوومەت بوون، ئەوانی دیكە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ لە دەرەوەی حكوومەت بانگەشەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان دەكرد و لەناو حكوومەتیش برابەش بوون، بۆیە ناكرێت ئەو ئەزموونە تاقی بكرێتەوە بە تایبەت كە چەند مانگێكی مابوو بۆ كۆتایی وادەی كارەكانی حكوومەت، بینیمان چۆن حزبەكان كشانەوە".
سێوكانی، دەشڵێ: "ئەزموونی ساڵانی رابردوو دەریخستووە، كە ئەم جۆرە حوكمڕانییە سەركەوتوو نەبووە، بگرە لە هەندێك شوێن رێگری لە حكوومەت كراوە، ئەمانە دەبێت بكرێنە مەرجی پێشوەختە و لەگەڵ حزبەكاندا باس بكرێن".
گوتیشی: "لە هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا، خەڵكی كوردستان سزای ئەو حزبانەیان دا كە پێشتر خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆن نیشان دابوو، یەكێك لە گورزە گورچكبڕەكانیش كە لە دەنگی ئۆپۆزسیۆن درا، ئەو یارییە بوو كە لە نێوان حكوومەت و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا كرا".
هاوكات د. مەدحەت سلێمان، شرۆڤەكاری سیاسی و راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بۆ ئەم خوولەی كابینەی نوێی حكوومەت، پێویستە حزبەكان بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدەن، یان ئەوەتا دەچنە ژێر بەرپرسیارەتیی سەرجەم باشی و خراپییەكانی حكوومەتەوە، یان ناكرێت بە شەو ئۆپۆزسیۆن و بە رۆژ لە دەسەڵات بن، ئەوەی كە زۆر گرینگە ئەم مەرجانە لە كاتی گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەگەڵ حزبەكاندا باس بكرێت، وەك مەرجیش بخرێتە بەرنامەی گفتوگۆكانەوە، چونكە بەشداریی دوو تا سێ حزب لە حكوومەتێكدا زۆر باشترە لەوەی چەندان حزب بەشدار بن بە بێ ئەوەی بەرپرسیارەتی هەڵبگرن".
سلێمان، ئاماژەیشی دا: "خەڵك بێزار بووە لە سیاسەتی ئەو حزبانەی پێیەكیان لەناو حكوومەت و پێیەكەی دیكەیشیان لەناو ئۆپۆزسیۆن بێت".
راژیار هەورامی




