داعش سەری هەڵداوەتەوە.. دانوستان هەیە پێشمەرگە بچێتە ئەو ناوچانەی تیرۆریستان تێیدا باڵادەستن

ههولێر-KDP.info- دوای ئەوەی پێشمەرگە بە ھۆی ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە لە ناوچەكانی كەركووك كشایەوە، داعش دەستی بە جووڵە كردووە و سوپاسالاری پێشووی عێراقیش دەڵێ، تیرۆریستان سەریان هەڵداوەتەوە. هاوكات فەرماندەیەكی پێشمەرگەیش نایشارێتەوە كە ھەوڵێك ھەیە ھێزی پێشمەرگە بچێتە ئەو ناوچانەی داعش تێیدا گەشەی كردووە.
پێش چەند ڕۆژێك، جارێكی دیكە و بە ئاشكرا داعش دەستی بە كردە تیرۆریستییەكانی كردەوە و دوو تەقینەوە لە مووسڵ ڕوویان دا و چەندین كەس بەو هۆیەوە بوونە قوربانی. لەو بارەیەیشەوە، بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "دوای كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە سوننەنشینەكان لە لایەن حەشدەوە، حەشدی شەعبی ستەمێكی زۆری لە خەڵكی ئەو ناوچانە كرد، خەڵكیش لێیان بێزار بوو و ئەمەیش بووە هۆكاری سەرهەڵدانی گرووپە توندڕۆكان لە دژی حەشد".
زێباری، هەروەها دەڵێت، هۆكاری هاتنی داعش بۆ ناوچەكان، ستەمی حەشدە لە خەڵك و خەڵكیش لەو هێزە بێزار بووە، چونكە پێیان وایە ئەو هێزانە شەرعی نین و دەبێت لە ناوچەكانیان وەدەر بنرێن.
"حەشدی شەعبی لەبری ئەوەی پارێزگاری لە خەڵك بكات، پێشێلكارییان بەرانبەر دەكات و لوولەی تفەنگەكان ئاڕاستەی خەڵك دەكەن". زێباری وای گوت.
گوتیشی: "ئێستا لە چەندین ناوچە داعش بە ئازادانە كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و بوونەتە هەڕەشەیەكی جیددی لەسەر خەڵكی ئەو ناوچانەی ژێر دەستەڵاتی حەشدی شەعبی".
بەرپرسە ئیداری و سەربازییەكانی دەشتی نەینەوا و شنگال و ناوچەكەیش، زۆر جار ئاماژەیان داوە كە داعش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ناوچەكانیان و، ئێستا لە ناوچەكانی بەعاج تا دەگاتە سنووری سووریا، داعش بە ئاشكرا جموجۆڵیان هەیە، سەرچاوەكانیش دەڵێن، شانە نووستووەكان تا ئێستا لە مووسڵ ماون و هەندێك گەڕەكی نێو مووسڵ بە شەو لە دەست داعشدان.
هەر لەو بارەیەوە، نووری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری باشوور و رۆژئاوای كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ڕاستە جووڵەی تیرۆریستانی داعش زیادی كردووە، بە تایبەت تەقینەوە و رفاندن و كوشتن زۆر زیادیان كردووە، لە ناوچەكانی دوبز تا تەلوەرد و حەویجە، ھەندێ شوێنیان ھەیە و بە شەو دەستەڵات بە دەست داعشەوەیەوە و بەردەوام كۆبوونەوە دەكەن بۆ خۆئامادەكردن".
دوێنێ شەممە، لە چیای قەرەچووغی نزیك شارۆچكەی مەخموور، فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان چەند پێگەیەكی داعشیان كردە ئامانج و زیانی گیانی و ماددیی گەورەیان بە تیرۆریستان گەیاند، بەرپرسی میحوەری باشوور و رۆژئاوای كەركووك گوتی: "زانیاریمان داوەتە ھێزی ھاوپەیمانان لەبارەی زیادكردنی جووڵەی داعش لەو سنوورە، چونكە پێشمەرگە لەو سنوورە نەماوە تا دەستی خۆی لە داعش بوەشێنێ، بەڵام ئەوەمان بە ھاوپەیمانان راگەیاندووە، پێویستە پەلە بكرێت لەوەی ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ ھاوپەیمانان و پۆلیسی فیدڕاڵی پێكەوە بەربەستێك دروست بكەین لە بەرانبەر زیادبوونی چەكدارانی داعش لە ناوچەكە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بەپەلە رێگری لە گەشەی داعش نەكرێت، دواتر زۆر زەحمەتە كۆنتڕۆڵ بكرێن".
نووری حەمەعەلی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەگەری ئەوە هەیە ھەندێك ناوچەی كەركووك بە ھۆی زیادبوونی جووڵەی چەكدارانی داعش مەترسیی كەوتنیان ھەبێت، چونكە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری رەش، ھێزی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك نەماوە و داعش زیادی كردووە".
لەبارەی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانەی ئێستا مەترسیی داعشیان لەسەرە، بەرپرسی میحوەری باشوور و رۆژئاوای كەركووك دەڵێت: "ئێمە داوامان كردووە و پێویستیشە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو سنوورە بۆ لەناوبردنی تیرۆر، تا نەھێڵین داعش گەشە بكات، ھێشتا بابەتی چوونی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بە تەواوی كۆتایی نەھاتووە و چاوەڕێی وەڵامی ھاوپەیمانین".
قائید میرۆ - كــاروان بــاعەدری




