٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایەكی كەرتی نەوت: ساڵی دابێ، پێشكەوتنی بەرچاو لە نەوتی كوردستاندا ڕوو دەدات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ھەرێمی كوردستان ساڵ بە ساڵ لە بەرەوپێشبردنی كەرتی نەوتدا ھەنگاوی زیاتر دەنێت و، وەك شارەزایەكی كەرتی نەوتیش دەڵێ، ساڵی دابێ كۆمپانیا بەنێوبانگەكان دەست بە كارەكانیان دەكەنەوە لە كەرتی نەوتی ھەرێمدا و بەو ھۆیەوە پێشكەوتنی بەرچاو ڕوو دەدات.

لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، بە ھۆی ھەوڵەكانی وەزارەتەوە، توانراوە بەرھەمی نەوتی ھەرێمی كوردستان زیاد بكرێت و كاریگەرییشی لەسەر زیاتركردنی ھەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیھان ھەبووە.

لەو بارەیەوە، ھێژا شێخ تەھا، شارەزای كەرتی نەوت، باوەڕی وایە: "سیاسەتی ھەرێمی كوردستان لە كەرتی نەوتدا ئەوەیە مامەڵە لەگەڵ رێژەی ھەناردەكردنی نەوت بكات، ئەویش بە شێوەیەك تەنیا بەشی خۆی بكات، رێژەی بەرھەمھێنان و ھاوردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان بەرز كراوەتەوە بۆ ئەوەی رۆژانە ٤٠٠ ھەتا ٤٥٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ ھاوردەكردن هەبێت و ھەوڵیش ھەیە ئەو رێژەیە بەرزتر بكرێتەوە بۆ ٨٠٠ تا ٩٠٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بە نەوتی كەركووكیشەوە".

ساڵی ٢٠١٥، بە ھۆی سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ھەرێمی كوردستاندا و بڕینی بودجە و مووچەی ھاووڵاتیانلەلایەن بەغداوە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نەوتی رەوانەی بازاڕەكانی جیھان كرد و توانی بە ھۆی ئەو داھاتەی لە فرۆشی نەوتەكەی دەستی دەكەوێت، تا رادەیەكی باش خۆی لەسەر پێ بگرێت بەرانبەر بەو پیلانەی بەغدا دژ بە خەڵكی كوردستان گێڕای. ئەو شارەزایەی كەرتی نەوت، كە ھاوكات بازرگانی بەرھەمە نەوتییەكانیشە، دەڵێت: "بە بۆچوونی من لە ساڵی دابێت ٢٠١٩، ئەو رێژەیەی ھاوردەی دەرەوەی دەكەین لە بەرھەمی ناوخۆ لەگەڵ داھاتەكانی دیكە، بەشی خەرجییەكانی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان دەكات، چونكە حكوومەتیش پێویستە ئەوە لە بەرچاو بگرێت تەنیا ئەو رێژەیە ھەناردەی بازاڕی جیھان بكات كە بەشی مووچە و پێداویستیی دیكەی ناوخۆ بكات، لەبەر ئەوەی بە ھەناردەكردنی بەرھەمی زیاتر، ناچار دەبێت زیادەی بودجەكەی رادەستی بەغدا بكات، واتە ھاوسەنگی رابگرێت لە نێوان پابەندبوون بە دابینكردنی بەشەبودجەی ناوخۆ".

سەرەڕای ھەڕەشەكانی بەغدا بۆ سەر كەرتی نەوتی ھەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم ھەناردەكردنی نەوتی كوردستان، چەندین كۆمپانیای بەنێوبانگی جیھانی ئێستا لە كێڵگەكانی ھەرێمی كوردستان كار لە دەرھێنانی نەوتدا دەكەن و، رێككەوتنیش كراوە بۆ ئەوەی كۆمپانیای زیاتر بێنە ھەرێمی كوردستان.

شێخ تەھا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ساڵی دابێ لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتننامانەی سامانە سرووشتییەكان و كۆمپانیاكان واژۆیان كردوون، كۆمپانیا بەنێوبانگەكانی جیھان دەست بە كارەكان دەكەنەوە لە كەرتی نەوتی ھەرێمی كوردستاندا، بۆ نموونە كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل كە لە ساڵی ٢٠١٤ـوە كارەكانی ھەڵپەساردووە بە ھۆی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و، ساڵی ٢٠١٩ دەست بە كارەكانی دەكاتەوە".

ئەمساڵ ژمارەیەك لەو كۆمپانیایانەی بە ھۆی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشەوە پاشەكشەیان كردبوو، گەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان و بڕیارە لە ساڵی داهاتوویش ژمارەیەك گەورەكۆمپانیای جیھانی بگەڕێنەوە ھەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكانیان. ھێژا شێخ تەھا روونی كردەوە: "كۆمپانیای رۆسنەفت و چەندین كۆمپانیای دیكەیش رێككەوتنیان ھەیە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان و ساڵی دابێ دەست بە كارەكانیان دەكەن، ئەمەیش ھەنگاوێكی باش و دڵخۆشكەرە، چونكە بە دەستبەكاربوونەوەی ئەو كۆمپانیا جیھانیانە، پێشكەوتنی بەرچاو روو دەدات لە كەرتی نەوتی ھەرێمدا و بەرھەمی نەوتی خاو زۆر زیاتر دەبێت لەوەی ئێستا ھەمانە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار