"هەوڵەكان بۆ هاوتاكردنی مووچەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی بەردەوامن"

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێ، هەوڵەكانیان بۆ هاوتاكردنی مووچەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسیی هەرێم لەگەڵ بەغدا بەردەوامن و، لیژنەیەكی پێنج كەسییشیان لە فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان و حكوومەتدا پێك هێناوە.
لە خوولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بڕیاری ژمارە (26) لە دانیشتنی رۆژی 16-4-2018 هاتە پەسەندكردن كە تایبەت بوو بە هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا.
هەدار زوبێر بارزانی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی حەفتەی ڕابردوو شاندێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كرد سەبارەت بە هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسیی هەرێم لەگەڵ بەغدا، لە ئێستادا لیژنەیەكی پێنج كەسیمان پێك هێناوە لە فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و دوێنێ كۆبوونەوەی خۆمان ئەنجام دا و بڕیارمان داوە سەردانی لایەنی پەیوەندیدار لە حكوومەتی عێراق بكەین و كاری جیددی لەسەر ئەو بابەتە بكەین."
هەدار زوبێر، ڕاشیگەیاند: "ئەمڕۆ یەكشەممە لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتیی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی عێراق و دواتریش لەگەڵ سەرۆكی دەستەی زیندانییە سیاسییەكانی عێراقیش كۆ دەبینەوە، هەروەها رۆژی دووشەممە لەگەڵ وەزیری دارایی و سەرۆكی دەستەی شەهیدانی حكوومەتی ناوەندی كۆ دەبینەوە، بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراقی پابەند بێ بە هاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازاتەكانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسیی هەرێم لەگەڵ بەغدا."
وەك ئەو پەرلەمانتارەی فڕاكسیۆنی پارتی گوتی: "سەرەڕای بڕیاری پەرلەمانی عێراق، بەپێی دەستووری عێراقیش لە ماددەی (132) بڕگەی یەكەم، حكوومەتی عێراق پابەند دەكرێت بە پێدانی مووچە و ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لە تەواوی عێراق، حكوومەتی عێراقیش بە بیانووی ژمارەی كەسوكاری شەهیدان مووچەی نەدەدا بە هەرێم، بەڵام ئێستا ئێمە لیستی ناوەكانمان لەسەر بنەمای تۆماری بایۆمەتری ئامادە كردووە و دەیدەین بە حكوومەتی عێراق، هەروەها ئامادەیشین هەر لیژنەیەكی بەغدا سەردانی هەرێم بكات بۆ وردبینیكردنی ناوەكان."
نەشوان بەرزنجی




