٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عارف تەیفوور: حكوومەتی نوێ، حكوومەتێكی بەهێز دەبێت.. لەگەڵ حكوومەتی بنكەفراواندا نین

سەرچاوە: KDP.info

 

سلێمانی-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی دەڵێ، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لیژنەی دانوستانكاری پارتی، بۆ كۆبوونەوە سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم، سەردانی لایەنەكان دەكات.

عارف تەیفوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی لیژنەیەكی دانوستانی دروست كردووە بۆ سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكان، بۆ ئەوەی لەگەڵیاندا گفتوگۆ لەسەر شێوازی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو بكات".

لەبارەی ئەوەی پۆستی وەزیر لەسەر چ بنەمایەك دەدرێت بە حیزبەكان، تەیفوور گوتی: "پارتی ڕێككەوتن لەگەڵ هەر حیزبێك بكات بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتدا، بەپێی ئەو كورسیانەی لە هەڵبژاردن بەدەستی هێناوە، پشكی دەبێت".

سەبارەت بەوەی هیچ مەرجێكیان هەیە بۆ ئەو حیزبانەی كە خواستیان هەیە بەشداری لە حكوومەتدا بكەن، عارف تەیفوور دەڵێ: "دەرگامان لەسەر كەس دانەخستووە و شاندی پارتی سەردانی تەواوی حیزبەكان دەكات لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتەوە، بەڵام ئەو لایەنەی كە بەشداری حكوومەت دەبێت، نابێت پێیەكی لەناو حكوومەت بێت و پێیەكی دیكەی لە ئۆپۆزیسیۆن بێت، پێیان دەڵێین ئەگەر دەیانەوێت لە حكوومەتدا بەشدار بن، ئەوە دەبێت وەزیرەكانیان بە دڵسۆزییەوە كارەكانیان ڕابپەڕێنن و لە چاك و خراپدا تەحەموولی بەرپرسیارەتی بكەن، نابێت لە نیوەی ڕێگە بەجێمان بهێڵێن وەك ئەوەی چوار ساڵی ڕابردوو حكوومەتی هەرێم تووشی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی بوو، وەزیرەكانیان كشاندەوە و بە تەنیا پارتی و یەكێتی مانەوە، ئەو جۆرە بەشدارییەمان قبووڵ نییە".

سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی، هەروەها گوتیشی: "لەم ڕۆژانەدا شاندی پارتی سەردانی لایەنەكان دەكات و دەست بە دانوستان دەكرێت، ئەو حیزبانەیش كە بارەگای سەرەكییان لە هەولێرە، لەوێ لەگەڵیاندا كۆ دەبنەوە، ئەوانەیش كە لە سلێمانین، شاندەكەی پارتی دێتە سلێمانی بۆ لایان، هەروەها پارتی لەگەڵ تەواوی ئەو حیزبانەی كە كورسییان بە دەست هێناوە، كۆ دەبێتەوە".

دەشڵێ: "ئێمە وەك پارتی لەگەڵ حكوومەتی بنكەفراواندا نین، بەڵام نایشمانەوێت بە تەنیا لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا حكوومەت پێك بهێنین، بەڵكوو دەمانەوێت ئەو حیزبانەی كە ئامادەن پابەندی كارنامەی حكوومەت بن، ئەوانیش بێن و لەگەڵمان بەشدار بن، كە ئەوەش ناكاتە حكوومەتی بنكەفراوان".

ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی لە سلێمانی، ئاماژەیشی دا: "حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، حكوومەتێكی بەهێز دەبێت، بۆ ئەوەی كوردستانێكی بەهێزی ئاوەدانمان هەبێت، هەروەها خواستی كوردستانیان جێبەجێ بكات، بۆیەشە لە دانوستانەكانمان لەگەڵ حیزبەكاندا، پێیان دەڵێن كە ئەگەر بەشداریی حكوومەت دەكەن، دەبێت بە كردار لەناو حكوومەتدا بن".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار