ھۆشیار سیوەیلی: ڕووسیا کارەکانی لە زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم فراوانتر دەکات

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، وڵاتانی ئەورووپا بە گشتی ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان و پارتی بە تایبەت لە بنبڕکردنی تیرۆر بە گرینگ دەزانن و، رووسیایش سەرەڕای بەردەوامی لە کارکردنی بۆ زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری داوە کارەکانی فراوانتر بکات و ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم بۆ یەک ملیۆن بەرمیل زیاد بکات.
لە پۆڵەندا کۆڕبەندێک بە ناوی ئاسایشی وارشۆ ھەیە و ساڵانە ساز دەکرێت، بۆ یەکەم جاریشە لایەنێکی کوردستانی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە داوەت دەکرێت، ئەوانەی لەو کۆڕبەندەدا بەشدارییان کردووە و لە ئاستی بەرزی وڵاتانی ئەورووپادا بوون، لەگەڵ شاندی پارتیدا دیداریان هەبووە.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دیدارەکانی لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی ئەورووپادا دەڵێ، "رۆڵی ھەرێمی کوردستانیان بەرز دەنرخاند و، بەشداریمان لە سمینارێکیش کرد لەبارەی تیرۆریزم و رۆڵی پارتی و ھەرێمی کوردستان لە کەمکردنەوەی توندڕۆیی کە بەشێکە لە کولتووری پارتی و خەڵکی کوردستان؛ باسیشمان لە رۆڵی پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی کرد و ئەوەشمان ڕوون کردەوە داعش راستە تێکشکاوە، بەڵام ھێشتا ئایدۆلۆجیای داعش ماوە و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھاوکار بن بۆ ئەوەی بنبڕ بکرێت."
دەربارەی سەردانەکەیشیان بۆ رووسیای فیدراڵ و بەشدارییان لە کۆنفرانسێکی پارتە سیاسییەکانی وڵاتانی ئاسیا کە پارتییش ئەندامە لەو رێکخراوەی ئەو کۆنفرانسەی ساز کردبوو، ھۆشیار سیوەیلی وتاری داوە و رۆڵی پارتیی لە نەھێشتنی تیرۆر لە ناوچەکە خستووەتە بەر باسەوە، لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیایش باسیان لە دۆخی ھەرێم و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا کردووە و پێزانینیشی هەبووە لەوەی رووسیا ھاوکاری ھەرێم بووە لەبواری ئابووری و بوژانەوەی کەرتی نەوتدا.
ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کوردستانی دووچاری دۆخێکی نەخوازراو و سەخت کرد و سیوەیلی، ھەڵوێستی رووسیا لەو کاتەدا بەرانبەر بە کوردستان بە پۆزەتیف وەسف دەکات دەڵێ، سەرەڕای ئەو رووداوانە، کۆمپانیاکانیان لەوانە رووس نەفت، بەردەوام بوون، سەرەڕای ئەوەی عێراق داوای لێکردن کارەکانیان راگرن"، سیوەیلی دەشڵێ، "کۆمپانیاکانی ڕووسیا نیازیان ھەیە بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم بۆ یەک ملیۆن بەرمیل بەرز بکەنەوە و، ھاوکاریی رووسیا لە بواری ئابووری لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەت لە کەرتی نەوتدا بەردەوام دەبێت و بڕیارە کارەکانیان فراوانتر بکەن و بەردەوامیش دەبن کە ئەمەش جێگەی دەست خۆشییە."
بڵند ئیبراھیم




