٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفین دزه‌یی: بە داخەوە کە پەرلەمان پڕۆژەی چاکسازییەکەمانی پەسەند نەکرد

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت حکوومەتی هەرێم پڕۆژەیەکی چاکسازی پێشکەش بە پەرلەمان کرد کە تێێدا هەموو خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلە تایبەتەکانی ڕێک‌خستبوو، بەڵام بە داخەوە پەرلەمان پڕۆژەکەی پەسەند نەکرد.


دزەیی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ڕێگریەکە ڕەنگە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و تاک تاکەش لە دوو هێزە سەرەکییەکە هەبوبوبن کە هەڵوێستی تریان نواندبێت و گوتیشی، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە پەسەند بکرایە مانگانە (100)ملیۆن دۆلار دەگەڕایەوە بۆ حکوومەت.
دەربارەی موچه‌ی فەرمانبەرانیش گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشی کوردیی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، "ئەگەر باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێت ئێستا (30) ڕۆژ جارێک مووچە لە کوردستان دەدرێت، ئەگەرچی بە ڕێژەیەک پاشەکەوت نەماوە، بەردەوامبوونی ئەو مووچەیە لەسەر ئەوە حیساب ناکرێت ئەو مووچەیە هیی کام مانگە؛ ئەوەتا لەم هەفتەیە کە مانگی یازدە دەستی پێکردووە، دووبارە دابەشکردنی مووچە دەست پێدەکاتەوە، لەبەر ئەوە کە بگوترێت ئەو سێ مانگەی کۆتاییی ساڵ پاشەکەوت دەکرێت، شتێکی وا لە ئارادا نییە، چونکە دواکەوتن هەیە ئەو مووچەیەی کە دەدرێت هیی سێ مانگ لەوەوپێشە، واتە لەسەر ئەو بنەمایە ئەو مووچانە دەدرێت (30) ڕۆژ جارێکە."
سەفین دزەیی باسی خانەنشینیی فەرمانبەرانی حکومی بە گشتی، (پلە تایبەتیەکان)ـی هێنایە بەر باس و گوتی "بەپێی یاسای مووچە و ئەو ڕێنماییانەی لە وەزارەتی دارایی هاتووە، هەر فەرمانبەرێکی حکومی لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، لەکاتی خانەنشینکردنیدا مافی ئەوەی هەیە مووچەی شەش مانگی بەسەریەکەوە پێبدرێت، ئەوەش بەپێێ ڕێژەی مووچەکان دەگۆڕێت، ئەو (49) ملیۆنەیشی باس دەکرێت بەرامبەر مووچەی (6) مانگی پەرلەمانتارێکە، بێگومان لەو بارودۆخی ئێستا کە هەیە وەک بوونی "سیولەی پارە" ڕەنگە بکاتە بڕێکی زۆر پارە، بۆیە ڕەنگە لە "ئیمکانیەتی" ئەو بودجەیەی تەرخان کراوە لەبەردەست وەزارەتی داراییدا نەبێت، بەڵام وەک مافێکی شایستەی دارایی هەبووە و ئێستایش هەر هەیە."
دەربارەی ناڕه‌زایەتییەکانی خەڵک و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی چه‌ندە کاریگەری هەیە کە ئه‌و مووچەیە بەسەریەکەوە لەم کاتەدا نەدرێتە پەرلەمانتارانی خانەنشین، سەفین دزەیی دەڵێ "ئەو نیگەرانی و ناڕەزایەتیانەی کە هەیە، تەنها بە ڕیفۆرم و چاکسازی لە یاساکاندا دەکرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاکێجێکی چاکسازی پێشکەش بە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کردبوو لە خوولی چوارەم، بەڵام بەداخەوە لەسەر وردەکاریی ئەو پڕۆژەیاسایە دەنگی لەسەر نەدرا و وەک خۆی مایەوە، هیوادارین لە خوولی پێنجەمدا ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت، چونکە چارەسەری بەشێکی زۆر لەو کێشانە دەکات و بڕێکی زۆر لە خەرجی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، هیوادارین هەموو ئەو بابەتانە بە یاسا چارەسەر بکرێن."

ئەو کەسانەی لە پەرلەمانن یا لە پلەی تایبەت خانەنشین نەکرێن، بەڵکو ئەگەر پۆستێکی "وەزیفی"ـیان هەبوو بگەڕێنەوە سەر "وەزیفەکە"ی خۆیان، جا ئەو کەسانە دکتۆر بوون، یا مامۆستا بوون بگەڕێنەوە سەر ئەو وەزیفانەی خۆیان، تەنها خانەنشینی بۆ ئەوانە بێت کە تەمەنی خانەنشینیان هەیە یا پێش پانزە ساڵ خزمەتی "وەزیف"ـییان هەیە، خۆ ئەگەر کەسێک تەمەنی خانەنشینی نەبووبێت وە پێشتر فەرمانبەر "واتە پلەی وەزیفی" نەبووبێت بەڵکو کاری تایبەتی خۆی هەبووبێت، ئەوکات خانەنشینی "شمولی" ناکات، ئەمە پێشنیازی یان پڕۆژەی حکوومەت بوو، کە پاش گفتوگۆی پێویستیش لەبارەیەوە، دەنگی لەسەر نەدرا و نەبووە یاسا و وەک پڕۆژە لە پەرلەمان مایەوە.
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە دەڵێ "بەداخەوە وەک زۆر شتی تری وڵاتی ئێـمە (موزایەداتی) سیاسیی هەندێک لایه‌ن یا تاک لەناو حیزبێک یا کۆی حیزبە سیاسییەکە یاخود بە ناوی ئۆپزسیۆن یا هەر ناوێکی تر هەوڵ دەدەن بە ناوی پێشنیازی تر، ڕێگر بن لەبەردەم ئه‌و چاکسازییانە، ئیتر ئەو موزایەدە سیاسیانە وایکرد ئه‌و پڕۆژەیە بچەقێت و بەرەو پێشەوە نەچێت وە دەنگی پێویستی لەسەر نەدرێت."
دزەیی جەخت دەکاتەوە لەوەی کە، ئەگەر بە هەدەردان هەبووبێت ئەوا ئەو بەهەدەردانە لە بەرنامە و پلانی حکوومەتدا نەبوو، بەڵكو ئەو یاسایانە بوون کە ڕێگەیان داوە هەندێک خەرجی بکرێت یا هەندێک (موخەسەسات)ـی بە هەندێک لە فەرمانبەران ڕەنگە شایستە بووبێتن یاخود زیاتر بووبێت یا کەمتر بووبێت، لەبەر ئەوە ئەو پڕۆژە و پاکێجە لەلایەن پسپۆڕانی بانکی نێودەوڵەتی و کەسانی بیانییەوە زۆر بە وردی ئامادە کرابوو. گوتیشی "خۆ ئەگەر ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکرایە مانگانە نزیکەی (100) ملیۆن دۆلار مانگانە دەگەڕایەوە خەزێنەی دەوڵەت."

سەفین دزەیی گوتیشی "ئۆپۆزسیۆن خۆیان تا ڕادەیەک لەناو حکوومەت بوون، ئەوانەی کە خۆیان بە بەشێک لەناو ئۆپۆزسیۆن دادەنا تا دوێنێ خۆیان لەناو حکوومەت بوون، بەداخەوە هەندێک لەوانەی خۆیان لەناو حکوومەت بوون ئەندام پەرلەمانەکانیان هاوکاری وەزیرەکانیان نەبوون، لێرە وەزیرە بەڕێزەکان کە لەناو حکوومەت بوون لە هێزە سیاسیەکانی تریش بوون، ڕۆڵێکی بەرچاویان لەناو حکوومەت بینی، بەڵام پەرلەمانتارەکانیان لەناو پەرلەمان ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنیان دەبینی پاڵپشتیی وەزیرەکانیان نەدەکرد، تا "ئەدای" کارەکانیان باشتر بکەن، بەڵێ تا ڕادەیەک ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن بوونە ڕێگر، بەڵام ڕەنگە هەندێک تاکیش لەناو دوو هێزە سەرەکییەکە هەڵویستی تریان نواندبێت، ئیتر ئەو پڕۆژە وای لێهات."

 

هەواڵی پەیوەندیدار