خورماتوو..كۆگایەكی چەك و تەقەمەنیی حەشدی شەعبی تەقییەوە

خورماتوو -KDP.info- بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دەڵێ، كۆگایەكی چەك و تەقەمەنیی حزبوڵڵا، كە گروپێكی چەكداری سەر بە حەشدی شەعبیی توركمانییە، لە ناو سەنتەری پێشووی گەنجانی خورماتوودا تەقییەوە.
ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كاتژمێر 1:45 خولەكی ئەمڕۆ، كۆگایەكی چەك و تەقەمەنیی حزبوڵڵا كە گرووپێكی چەكداری سەر بە حەشدی شەعبیی توركمانین، لە ناو سەنتەری پێشووی گەنجانی خورماتوو تەقییەوە. تا ئێستا زانیاریی زۆر وردمان دەست نەكەوتووە، بەڵام قوربانی هەیە."
بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی ئاشكراشی كرد: "حەشدی شەعبی چەك و تەقەمەنییەكانیان لە بازاڕی ڕەش ساغ دەكەنەوە و دەیفرۆشن. دەكرێ ئەم تەقینەوەیەش بە مەبەستی پەردەپۆشكردنی ئەو كارەیان بووبێت."
ئەرسەلان عەلی ڕوونیشی كردەوە: "هەڵگرتنی چەك و تەقەمەنی لە نێو ماڵان و خەڵكی سڤیلدا كارێكی زۆر خراپ و خەتەرناكە، ڕووداوی ئاوا مەترسیی لێ دەكەوێتەوە، زەرەر و زیانێكی زۆر بە هاووڵاتیانی نزیك ڕووداوەكە كەوتووە. ئاخر خورماتوو لە ژێردەستی ئەم گرووپانەی حەشدی شەعبیدایە و لە هەركوێ بیانەوێت، چەك و تفاق كۆ دەكەنەوە."
سەرباز واحد




