٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاسایشی کەرکووک: عەرەبە ھاوردەکان تەقەیان لە جووتیارانی کورد کردووە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک گوتی، عەرەبە ھاوردەکان بە چەک ھێرشیان کردووەتە سەر جووتیارانی کورد، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان لێیان بێدەنگ بوون و ھیچ لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکردوونە و ئەوەی ئێستاش کراوە بە شێوەیەکی کاتی شەڕەکە کۆتایی ھاتووە، چونکە کوردەکان بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نین زەوییەکانیان ڕادەستی عەرەب بکەن.

گۆران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارێزگاری کەرکووک بە شێوەیەکی بەربەڵاو دەستی بە تەعریب کردووە لە سنووری کەرکووک و ئەمڕۆش عەرەبی ھاوردە ھێرشیان کردووەتە سەر جووتیارانی کورد لە گوندی یەنگیجە و بە چەک تەقەیان لە جووتیاران کردووە و ویستوویانە بە زۆر زەوییەکان داگیر بکەن، بەڵام کوردەکان بێ چەکیش ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و ڕێگرییان لێ کردوونە و شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھەردوولا دروست بووە و دواتریش بە شێوەیەکی کاتی کێشەکە کۆتایی ھاتووە."

گۆران عەبدوڵڵا گوتی: "عەرەبەکان بە بەرچاوی ھێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان کردووە و زانیویانە عەرەبەکان ناحەقن، بەڵام بێدەنگ بوون و لێپرسینەوەشیان لەگەڵ نەکردوونە، ھەربۆیەش کە کورد وەڵامی ھەبووە ھیچیان لەگەڵ نەکردوون."

گۆران عەبدوڵڵا گوتیشی: "دوو ڕێگا ھەیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تەعریب ببنەوە، یان بەشەڕ وەڵامیان بدەنەوە، یان بێدەنگ بن و زەوییەکانیان ڕادەستی ئەوان بکەن و کوردیش ئەمەی قبووڵ نییە."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار