٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشنیاز كراوه‌ لێپریسنەوە لەو كەمتەرخەمیانه‌ بكرێت، كە بوونەتە هۆی دروستبوونەوەی داعش

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، لە شێوەی گرووپی دەستوەشێن دروست بوونەتەوە و چەندین كاری تیرۆریستی و كوشتن و رفاندیان لە سنووری پارێزگای كەركووك و دەوروبەری ئەنجام داوە، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشەمەرگەیش دەڵێ، ئەو گرووپانە لە دبس و هەندێ ناوچەی دیكە هەن و لەوان دوورن، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەش، رایدەگەێنێت، لەگەڵ هاوپەیمانان لەسەر ئەو پرسە كۆ بوونەتەوە.

سەرهەڵدانەوەی داعش لە شێوەی گرووپی دەستوەشێن لە ناوچە جیاكانی عێراق، چاوەڕوانكراو بوو، بەو پێیەی ئەو رێكخراوە لە دوای لەدەستدانی ئەو شوێنانەی حوكمڕانیی تێدا دەكرد، ستراتیژییەتی خۆی گۆڕی لە دەستبەسەرداگرتنی شوێنەوە بۆ دەستوەشاندن.

نووری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "داعش لە شێوەی گرووپ لە ناوچەكانی سنووری كەركووك دروست بوونەتەوە و چەندین كاری بۆمبڕێژكردن و تەقاندنەوەی ئوتۆمبێل و رفاندن و كوشتنیان لەو سنوورانە ئەنجام داوە".

بەرپرسەكەی میحوەری رۆژئاوای كەركووك، جەختی لە نەبوونی مەترسیی ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی داعش لەسەر هەرێمی كوردستان كردەوە، بەو پێیەی نەیانتوانیوە و نایشتوانن لە سنووری میحوەری ئەواندا خۆیان رێك بخەنەوە، "هێزەكانی پێشمەرگە چاوكراوەن و هەمیشە میحوەرەكەمان لە ژێر چاودێرییەكی وردی پێشمەرگەكاندایە، ئەو گرووپانە لە دبس و ئەو ناوچانەی دیكە بوونیان هەیە و لە ئێمەوە دوورن".

لە ئابی ٢٠١٤ـدا، رێكخراوی تیرۆریستی داعش توانی بەشێكی زۆری خاكی عێراق بگرێت و، نزیكەی ٤ ساڵ حوكمڕانیی ئەو ناوچانە بكەن، بەو هۆیەیشەوە چەندین شوێنیان بۆ شاردنەوەی چەكدارەكانیان و چەكە سووك و قورسەكانیان دروست كرد، ئێستایش سوود لەو شوێنانە وەردەگرنەوە، كە لە شێوەی گرووپی دەستوەشێن خۆیان رێك خستووەتەوە.

دیارترین شوێنی خۆحەشاردانی پاشماوەی چەكدارەكانیان، سنووری حەمرین تا ناوچەكانی دیالە و كەركووك و تكریت و خورماتوون، هەر بۆیەیشە لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، رەوشی ئەمنی لەو ناوچانە و بە تایبەت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناجێگیرە و ناوە ناوە پەلاماری داعش بوونیان هەیە، چ لە رووی گرووپی چەكدارییەوە، چ لە بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبێل و تەقاندنەوەیان لەو ناوچانەدا.

 

لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پشتڕاستی بوونی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە دەكاتەوە و گوتی: "لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر و نەمانی هێزەكانی پێشمەرگە لەو سنوورانە، تیرۆریستانی داعش لە رێی گرووپ گرووپ لە چیاكانی حەمرین و دەوروبەری حەویجە و دەوروبەری مەخموور بوونیان هەیە". 

پاشماوەكانی داعش سوودیان لە بێهێزیی لایەنە ئەمنییەكانی حكوومەتی عێراق لەو ناوچانەیش وەرگرتوو، لەسەر رێگە سەرەكەییەكان بە تایبەت نێوان كەركووك و بەغدا، بازگە دادەنێن و هەر هاووڵاتییەك مەبەستیان بێت لە ئوتۆمبێل دایان دەگرن و دەیانڕفێنن و دواتر دەیانكوژن.

لیوا بابەكر ئاماژەی دا، وەك هێزەكانی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی هاوپەیمانان دوو جار ئۆپەراسیۆنی سەربازییان كردووەتە سەر ئەو پاشماوە تیرۆریستانەی داعش، كە لە شێوەی گرووپ گرووپ لە ناوچەكانی قەرەچووخ خۆیان مەڵاس دابوو و، توانیویانە ئەو شوێنانە پاك بكەنەوە و زیانی گەورە بەو گرووپە تیرۆریستیانە بگەیەنن، "ئێمە پلانمان داناوە بۆ ئەو سنوورانەی كە لە دەست هێزەكانی پێشمەرگەن، لە پێناو پاراستنی سنوورەكانمان، رووماڵ و تەمشیت و بەدواداچوونیان بۆ دەكەین".

جوڵە و كارە تیرۆریستییەكانی گرووپە پاشماوەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، زیاتر لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانە، هاووڵاتییە كوردەكانی ئەو ناوچانەیش ئەوە باس دەكەن، كەوا هێزە عێراقییەكان و میلیشیاكان، تەنیا كاریان پاراستنی بنكە و بارەگاكانی خۆیانە و كاریان بە پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانەوە نییە، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانیی وەزارەتی پێشمەرگە، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، كەوا ئەو میلیشیایانە دوو مەبەستیان هەیە، یەك مانەوەی خۆیانە لەو ناوچانە، دووەمیش ئەوەیە كە خۆیان بەرانبەر كورد نایكەن، لە رێی ئەوانەوە داعش بەرانبەر ناوچە كوردستانییەكان بیكات، لای ئەوان گرینگیی نییە.

لیوا بابەكر جەختیش لەوە دەكاتەوە، میلیشیا و هێزە عێراقییەكانی دیكە، لەو ناوچانە زۆر كەمتەرخەمن و حكوومەتی ناوەندیش بە هۆی ئەوەی بە تەواوی تەشكیل نەبووە، رێگەخۆشكەرە بۆ مانەوەی ئەو بارودۆخە بەو جۆرە و سەرهەڵدانەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستیانە.

ئەوان لەسەر ئەو پرسە، كۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانان كردووە و بەردەوامیشن، بە مەبەستی بە دواداچوون و چاودێریكردنی دۆخەكە، هاوكات سەبارەت بە بوونی حەشدی شەعبییش لەو ناوچانە، كە كەمتر نین لە خەڵكانی دیكە و بارگرانی بۆ ئەو ناوچانە دروست دەكەن، گوتی: "بڕیارە چەند كۆبوونەوەیەكی دیكە لە دەوروبەری مووسڵ و بە هەماهەنگی هاوپەیمانان و جەیشی عێراقییش بكرێت، پێشنیازیش كراوە لێپریسنەوە و بەدواداچوون لە كەمتەرخەمییەكان بكرێت، كە بوونەتە هۆی دروستبوونەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستیانە".

 

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار