جێگری پارێزگاری مووسڵ: حەشد و پەکەکە لە سووریاوە خەڵکیان بۆ خۆپێشاندان هێنابووە شنگال

شنگال -KDP.info- جێگری پارێزگاری مووسڵ دەڵێت، بە هەموو شەرعیەتێکەوە دەمانەویست ئیدارەی شەرعیی شنگال بگەڕێتەوە شنگال کەچی پەکەکە و حەشد نەیانهێشت.
بڕیار بوو ئەمڕۆ ئیدارەی شەرعیی شنگال بگەڕێتەوە نێو شنگال و دەست بە کارەکانی بکاتەوە، چونکە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١١٧ بۆشاییی سیاسی و ئەمنی و ئیداری لە شنگال دروست بووە. لەو بارەیەوە، عەبدولقادر شنگالی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ماوەیەکە لە شنگال بۆشاییی سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئیداری دروست بووە، بریارمان دا ئیدارە شەرعییەکەی شنگال بگەڕێتەوە، کەچی پەکەکە و حەشدی شەعبی خەڵکانێکیان کۆ کردبووەوە کە خەڵکی شنگال نەبوون، هەموویان خەڵکی سووریا بوون و نەیانهێشت بگەڕێینەوە شنگال."
شنگالی دەڵێت: "بڕیاری گەڕانەوە بۆ شنگال بڕیارێکی هاوبەش بوو لە نێوان ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و پارێزگاردا و شەرعیەتی هەبوو، بەڵام ئەو هێزانەی ئێستا لە شنگالن گوێ بە هیچ بڕیار و یاسایەک نادەن."
لەبارەی وادەی گەڕانەوەشەوە شنگالی ڕوونی کردەوە: "ئێمە کە ئێستا گەڕاینەوە و نەچووینەوە نێو شار، لەبەر بەرژەوەندیی هەموومان بوو، نەمانەویست گرژی و ئاڵۆزی و ناخۆشیی زیاتر بکەوێتە شارەکەوە و پارێزگاری مووسڵیش هاتووەتە سەر هێڵ، لە نێزکترین کاتدا ئەنجومەن دەگەڕێتەوە نێو شارەکە بۆ ئەوەی جارێکی تر ژیان لە شارەکەدا دەست پێ بکاتەوە."
کــاروان بــاعەدری




