٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک زمانی کوردیی لە نووسراوەکاندا قەدەغە کرد

سەرچاوە: KDP.info


کەرکووک-KDP.info- پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بەکارھێنانی زمانی کوردیی لە نووسراوە فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووکدا قەدەغە کرد و ئەندامێکی لیستی برایەتیش لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، بە ھیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین و بەرەنگاری دەبینەوە.

 

جوان حەسەن، ئەندامی لیستی برایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک دیسان دەستی بۆ دەرکردنی بڕیارێکی دیکەی دژی کورد بردووە و بە پێی بڕیارەکەی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک زمانی کوردی لەسەر نووسراوە فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووک لادراوە و لەبری زمانی کوردی زمانی ئینگلیزی بەکار ھاتووە، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی پڕۆسەی تەعریب و پێشێلکردنی مافی کورد وەک پێکھاتەیەکی ڕەسەن و سەرەکیی کەرکووک."

 

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕوونی کردەوە: "ئێمە بەتوندی ئەو بڕیارەی پارێزگاری بە وەکالەت ڕەت دەکەینەوە و پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بێدەنگ نەبێت لە بەرامبەر ئەو زۆڵمەی لە کەرکووک بەرامبەر بە کورد دەکرێت، خۆشمان وەک نوێنەری کورد لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەرەنگاری ئەو بڕیارانە دەبینەوە."

 

جوان حەسەن ئاماژەی بۆ  ئەوە کرد: "لابردنی زمانی کوردی لە کەرکووک پێشێلکاریی ماددەی ٤ی دەستووری عێراقە کە تێیدا ھاتووە، دوو زمانی فەرمی لە عێراق ھەیە، ئەویش زمانی کوردی و عەرەبییە و لە بڕگەیەکی دەستووردا دەڵێت، پێویستە ھەموو نووسراوەکانی عێراق و تەنانەت لەسەر پاسپۆرتیش بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بنووسرێت، ھەتا لە دادگاکانیش زمانی کوردی بەفەرمی بەکار بێت، کەچی دوای پڕۆسەی داگیرکاری ئەو ماددەیەی دەستوور پێشێل کراوە."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار