پارتی کۆ دەبێتەوە و شاندێک بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی کوردستان دیاری دەکات
_(1)__2018_10_30_h15m19s30__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی کۆ ببێتەوە و تێیدا شاندی پارتی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی حکوومەت دیاری بکات.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەری ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد و بە پێی ئەنجامەکان پارتی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنە، بۆیە پارتی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان پێک دێنێت.
پەیوەست بەم پرسە، د. ئاراس حسۆ میرخان، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی ئەنجومەنی دادوەری ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات و لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی حکوومەت دیاری دەکرێت و دەست بە گفتوگۆی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دەکرێت."
د. ئاراس حسۆ میرخان گوتیشی: "گفتوگۆکانی پارتی لەگەڵ لایەنەکانیش لەسەر ئیستحقاقی ھەڵبژاردن دەبێت و ھەر لایەنێک بە پێی قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و پارتیش سەردانی ھەموو لایەنەکان دەکات و حکوومەتی ئەمجارەش زۆرینە دەبێت و بنکەفراوان نابێت."
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ٤٥ کورسیی بەدەست ھێناوە و بۆ پێکھێنانی حکوومەتیش لە پەرلەمان پێویستی بە ٥٠+١ی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان ھەیە بۆ ئەوەی متمانە بە کابینەی نوێ بدرێت.
بڵند ئیبراھیم




