٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەزیرەی ئینگلیزی: خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر، گوزەرانی كەركووكییەكانی زۆر خراپ کردووە.. بەغدا دۆخەکەی ئاسایی نەکردووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info-   ماڵپەڕی (جەزیرەی ئینگلیزی)، ڕاپۆرتێكی لەسەر كەركووك بڵاو كردووەتەوە و تێیدا باسی دەوڵەمەندیی شاری كەركووكی كردووە، كەچی لە بوارەكانی دیكەی ژیاندا هەژارە و كێشەكانی زۆرن، خەڵكەكەیشی گلەییی كەمیی خزمەتگوزارییەكانیان هەیە.

لە ڕێگاوە لە هەولێرەوە بۆ كەركووك، پێش ئەوەی بگەیە ئەو شارە دەوڵەمەندە بە نەوت، بۆنی نەوت دەكەی، دووكەڵی پاڵاوگە بچووكەكان بە ئاسماندا لەملا و ئەولای شاڕێگاكەدا بە ئاسماندا بەرز هەڵچووە و گڕی بیرە نەوتەكانی لە دوورەوە بەدی دەكرێ.

هەر لەگەڵ چوونەناو كەركووكەوە، هەست بەوە دەكەیت دۆخی سیاسی لەو شارەدا ئاڵۆزە، پەیكەری پێشمەرگە بە جلوبەرگ و نەریتی كوردانەوە ئاڵای عێراقی لە دەستیدایە، لە كاتێكدا پێش (١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧) پەیكەری پێشمەرگە ئاڵای كوردستانی لە دەستدا بوو، كە ڕەنگی سوور، سپی و سەوز و خۆریش لە ناوەڕاستەكەیدایە.

دوو ساڵ و نیو پێشتر، حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەركووكی گرتە دەست و پێشمەرگەی بڵاو كردەوە بە ناوچەكانیدا و نەیهێشت داعش دەستی بەسەردا بگرێت، كە لە تەواوی شەڕی داعشدا پارێزگاریی لێ كرد.

لە ئۆكتۆبەری (٢٠١٧)ـدا و لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، هێزەكانی دژەتیرۆری عێراقی و چەكدارەكانی حەشدی شەعبی، شاڵاوی سەر كەركووكیان ئەنجام دا و داگیریان كرد و، ئاڵای كوردستانی دەستی پەیكەری پێشمەرگەیشیان گۆڕی بە ئاڵای عێراقی.

ئێستا كەركووك و نەوتەكەی بۆ هێزە سیاسییەكانی ناوچەكە و، بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانیش سەنتەری كێشەكانە، كێشەكانی كەركووك كاریگەرییان لەسەر خراپی و نالەباریی بەڕێوەبردنی شارەكە و، ئابووریی ناوچەكە و ئاستی گوزەران و ئاساییش و سەقامگیری لە شارەكەدا، هەیە.

لە كەركووكی دەوڵەمەند بە نەوتدا كارەبا نییە
كێشەی كەمیی كارەبا لە كەركووك، یەكێكە لە كێشە دیارەكان و تووڕەیی خەڵكەكەی لەو بارەیەوە بە ڕوونی هەستی پێ دەكرێ، لە كاتێكدا كەركووك ناوچەیەكی دەوڵەمەند بە نەوتە و دەبووایە كێشەی كارەبای هەرگیز نەبووایە.

بە گوێرەی زانیارییەكان، كەركووك سێیەم گەورەترین ناوەندی نەوتی یەدەگی عێراقە كە نەوتە یەدەگەكەی بە (١٣.٥ ملیار) بەرمیل خەمڵێندراوە، بەڵام خزمەتگوزارییەكانی وەك پێویست نین، خەڵكەكەی گلەیی و گازندە دەكەن كە هەست بە دەوڵەمەندیی شارەكەیان ناكەن و، لە سەروەتەكەی سوودمەند نەبوون و بەشی پێویست لەو پارەیە بۆ باشتركردنی دامەزراوەكان و خزمەتگوزارییەكان لە داهاتی نەوتەكەی بۆ شارەكە خەرج ناكرێ.

لەو بارەیەوە، فەهمی ئەبوبەكری كاسبكار دەڵێ: "ئێستا دوای نیوەڕۆیە، لە بەیانییەوە كارەبامان نەبووە. كەركووك بە بەردەوامی كێشەی كارەبای هەبووە، بەڵام لە ئێستادا دۆخەكە خراپتر بووە".

ئەو كاسبكارە، هەروەها گوتیشی: "ناتوانم كەلوپەل و پێداویستییەكانی دووكانەكەم دابین بكەم و شتم زۆر هەبێ، لەبەر ئەوەی هێزەكان خاڵی پشكنینی زۆریان داناوە و شت بە زەحمەت دێتە دەست".

هەر لەسەر پرسی خراپیی دۆخی كارەبا و خزمەتگوزارییەكان، ئالان نەجمەددینی هاووڵاتی، گوتی: "لە گەرمای هاویندا دەبووایە ڕۆژێك بەڕێ بكەین بە كەمتر لە (١٠ سەعات) كارەبا و، هەروەها خزمەتگوزارییەكانی دیكەیش خراپن وەك كۆكردنەوەی خاشاك و پاشماوەكان كە ئەو ماوەیە زۆر خراپ بووە".

هاووڵاتیانی كەركووك، لە بەڕێوەبردنی كەركووك لەلایەن هێزی سەربازییەوە ناڕازین و، لەو باوەڕەدان كە پێویستە بە زوویی شێوەی بەڕێوەبردن لە كەركووك بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی مەدەنی و، دەسەڵات لە كەركووكدا ڕەنگدانەوەی هەبێ لەسەر فرەیی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكان و، خزمەتگوزارییەكانیان بۆ باشتر بكرێ.

شیاوی باسكردنە، ساڵێك لە دوای گێڕانەوەی دەسەڵاتی بەغدا بۆ كەركووك، كەچی پەیوەندیی نێوان حكوومەتی بەغدا و حكوومەتی هەرێم لەسەر پرسی كەركووك بە خراپی ماوەتەوە، هێشتا حكوومەتی عێراقی هەنگاوی نەناوە بۆ كێشانەوەی هێزەكانی لە پارێزگایەكە و، ڕێگای نەداوە بە دامەراندنی هێزی ئاساییشی ناوچەیی و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك.

پارتە سەرەكییەكان و لایەنەكانی ناو كەركووك، بە هۆی ڕازینەبوونیان لەسەر شێوە و هەنگاوەكانی بەڕێوەبردنەوە، بەردەوامیان داوە بە كێشە و ئاڵۆزییەكانی ئەو شارە.
هیچ كام لە پێكهاتەكانی شارەكە لە كورد و عەرەب و توركمانەكان، لەسەر شێوەی بەڕێوەبردنی ئەو شارە ڕازی نین، هەریەكەیان جۆرێك و شێوە و داواكاریی تایبەت بە خۆی هەیە.

بەپێی دەستووری عێراق، كەركووك بە ناوچەیەكی كێشەلەسەر دانراوە و ڕێكارەكانی ئاساییكردنەوە و چارەكردنی بۆ دیاری كراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەكراوە.

كوردەكان داوای كەركووك دەكەن و دەڵێن كەركووك ناسنامەیەكی مێژوووی كوردی هەیە.
تەنیا هیوایەك كە هەبێ، حكوومەتی نوێی عێراقە كە هێشتا لە پێكهێناندایە و، دەشێ هەنگاو بنێ بۆ چارەكردنی دۆخی كەركووك و شكاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووە. شارەزایانی سیاسیی ناوچەكە لەو باوەڕەدان، لە دوای بەتەواوەتی دروستبوونی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقی، چاوەڕێ دەكرێ هەندێك جۆری چارەسەر یان تێگەییشتن لەبارەی كەركووكەوە دروست ببێ.

هەڵبەتە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەیان بەوە داوە كە، عێراق هەناردەی نەوتی كەركووك بۆ ئێران ڕادەگرێ، ئەوە وەك پابەندییەك بۆ سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران، هەروەها لەجیاتی ئەوە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا ڕێككەوتنیان كردووە كە نەوتی كەركووك بە بۆڕیی كوردستاندا بۆ توركیا بگوازرێتەوە. ئەو هەنگاوە كە بچێتە واری جێبەجێكردنەوە، كاریگەری دەبێ لەسەر ئاستی لێكنزیكبوونەوەی بەغدا و هەرێم لەسەر كێشەكانی كەركووك.

ڕۆژنامەی هەولێر
 

هەواڵی پەیوەندیدار