هەندێکیان نزیکن لە شوێنی نیشتەجێبوون.. پاڵاوگە نایاساییەكان دادەخرێن

هەولێر-KDP.info- بە بڕیاری لیژنەی باڵای نەوت و گاز لە ھەرێمی كوردستان، ھەموو ئەو پاڵاوگانەی نەوت كە بە شێوەی نایاسایی لە ھەرێمی كوردستان كار دەكەن، دادەخرێن و بەرپرسێكی دەستەی پاراستنی ژینگەیش جەخت دەکاتەوە، کە پاڵاوگەكان مەرجی پێویستیان تێدا نییە.
ھەندرێن شێخ راغب، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، ڕایگەیاند: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ٢١ مەرجی دیاری كردووە بۆ پاڵاوگەكان، ئەگەر ئەو ٢١ مەرجە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، ھەنگاوێكی زۆر گەورە دەچینە پێشەوە، ئێمەیش وەك دەستەی پاراستنی ژینگە لایەنی چاودێرین و بە وردی چاودێریی رەوشی پاڵاوگەكان و بەجێگەیاندنی مەرجەكانی حكوومەت دەكەین".
لە ھەرێمی كوردستاندا سەدان پاڵاوگە ھەن كە ژمارەیەكی بەرچاو بە بێ ھیچ مۆڵەتێكی حكوومەت كار دەكەن و بەشێكیان دەكەونە نزیك شوێنی نیشتەجێبوونی ھاووڵاتیان، گوتەبێژی دەستەی پاراستنی ژینگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "جگە لە پاڵاوگە نایاساییەكان كە مەرجیان تێدا نییە لە رووی ژینگەوە، زۆربەی ئەو پاڵاوگانەی بە یاسایش كار دەكەن، مەرجیان تێدا نیە، چەندین جاریش لەبارەی مەترسیی ئەو پاڵاوگانەوە ھۆشداریمان داوە و لایەنی پەیوەندیداریش ئاگادار كراوەتەوە".
لە ماوەكانی رابردوودا، بە ھۆی پیسبوونی ژینگەی ھەولێر ژمارەیەك پاڵاوگەی نزیك شاری ھەولێر لەلایەن حكوومەتەوە داخران، شێخ راغب ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ھەر پاڵاوگەیەكی نایاسایی ھەبێت، پێویستە دابخرێت و چیدی نەبێتە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆ سەر ھاووڵاتیان، بڕیاریشە ھەموو ئەو پاڵاوگانە دابخرێن و ئەوانەیشی مۆڵەتی فەرمییان ھەیە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، ٢١ مەرجیان بەسەردا دەسەپێندرێت بۆ جێبەجێكردن، بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت".
قائید میرۆ




